وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ساڵی ٢٠٢٢ نزیكەی ٥٢ ملیار دینار قەرزی ئاسانكاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و ڕێكارەكان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی ئاسانكاری لەوەبەرهێن و بازرگانان بەردەوامە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەچوارچێوەی بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێم و هەوڵەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ زیاد كردنی داهات، ڕێكارە یاساییەكان بۆ تەملیك كرنی ئەو موڵكانە بەردەوامە، كە لە لایەن بازرگانان و وەبەرهێنەران لەكاتی وەرگرتنی قەرزی ئاسانكاری لە ڕێی بانكەكانەوە وەك بارمتە دانراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانیەكانی هەرێم، بڕی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەرانە ٣٧٥،٤٤٤،١٨٩،٤٦٥ دینار بووە، بەهۆی دواكەوتنی قەرزەكەوە ٦٥٨،٠٦٣،٨٢٠،٣٣٢ دینار سوودی چۆتە سەر.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەدوای گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە بڕی ١٧،٧٤٣،٩٦٧،٧٢٤ دینار بە شێوەی نەقد گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەتی هەرێم و كۆی گشتی ئەو قەرزەی لای بازرگان و وەبەرهێنەران ماوە بڕەكەی بریتییە لە ١،٠١٥،٧٦٤،٠٤٢،٠٧٣ دیناری عێراقی.
هاوكات وەزارەتی دارایی لە ڕێی بانكەكانەوە دەستی كردووە بە تەملیك كردن و فرۆشتنی ئەو موڵكانەی بەبارمتە دانراون و لەو چوارچێوەیەشدا بە بەهای ٣٤،١٥٣،٠٨٠،٠٠٠ دینار موڵكی بەبارمتە دانراو فرۆشراوە و ٧ موڵكی نوێش لە سەر بانكەكانی وەزارەتی دارایی تۆمار كراون.