بوومەلەرزەكەی هاتای زیاتر لە 700 گیانلەدەستدان و برینداری لێكەوتەوە



 

وەزیری ناوخۆی توركیا، سولەیمان سۆیڵو ئاشكرایكرد لەو بوومەلەرزەیەی هاتایدا كە بە گوڕی 6.4 پلە روویدا، تا ئێستا سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و 294 كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.

دوای بوومەلەرزەكەی شارۆچكەی دەفنە سەر بە هاتای، سولەیمان سۆیڵو هاتە شارەكە و لە ناوەندی هەماهەنگی ئافاد لە هاتای، روونكردنەوەی دا.

سۆیڵو ئاشكرایكرد لەو بوومەلەرزەیەی هاتایدا كە بە گوڕی 6،4 پلە روویدا، تا ئێستا سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و 294 كەسیش رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.

وەزیری ناوخۆی توركیا هەروەها رایگەیاند، لە سێ باڵەخانەی داڕووخاودا لە هاتای كارەكانی گەڕان و رزگاركردن ئەنجامدەدرێن.

هاوكات جێگری سەرۆكی توركیا فوئاد ئۆكتای ڕایگەیاند دوای بوومەلەرزەكەی هاتای 20 پاشلەرزە ڕوویانداوە.

داواشی لە هاووڵاتیان كرد لە باڵەخانە زیانبەركەوتووەكان نزیك نەبنەوە، چونكە مەترسی ڕووخانیان هەیە.

سەرۆكی شارەوانی هاتای لوتفو ساڤاش رایگەیاند ژمارەیەك باڵەخانە بە بوومەلەرزە نوێیەكان ڕووخان و ژمارەیەك كەسیش كەوتوونە ژێر داروپەردووەوە.

ساڤاش بۆ كەناڵی ئێن تی ڤی دەڵێت ئەو كەسانەی كەوتوونە ژێر داروپەردوو ئەوانەبوون گەڕاونەتەوە ناو ماڵەكانیان، یان خەریكی دەرهێنانەوەی كەسانی دیكە بوون.

لە سووریا ڕووانگەی مافی مرۆڤ رایگەیاند بوومەلەرزە نوێیەكان لە چەند ناوچەیەكی داوە بە تایبەت هەرێمی عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان و چەند ناوچەی دیكەی ئیدلب و حەڵەب، بەهۆیەوە 470 كەس بریندار بوون.

شەوی ڕابردوو دوو بوومەلەرزە بەگوڕەكانی 6.4 و 5.8 شارۆچكەی دەفنەی سەر بە پارێزگەی هاتایان هەژاند، بوومەلەرزەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا، باشووری كوردستان، لوبنان، میسر، ئوردن و ئیسرائیل هەستی پێكرا.

دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ ماوەیەكی كاتی داوایان لەهاووڵاتیان لە پارێزگای مێرسین كرد لە كەناراوەكان دووربكەونەوە بەهۆی مەترسی ڕوودانی تسۆنامی و هاوكات لەو پارێزگایە ئەمڕۆ سێشەممە كرایە پشووی ناوەندەكانی خوێندن.

لە لوبنان بەهۆی مەترسی بوومەلەرزە دەوامی تەواوی ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەمڕۆ سێشەممە راگیرا.

لە كەناراوەكانی فەڵەستین لە سەر دەریای ناوەڕاست بە مەودای 20 مەتری كەناراوەكە ئاو كشایەوە بەرەو قوڵایی دەریا، ئەوەش بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی، شارەزایان ئەو جووڵایەیان بە نائاسایی لەكاتی بوومەلەرزەكەدا زانی، بەڵام هیچ دەزگایەكی فەڕمی لەوبارەیەوە ڕوونكردنەوەی نەداوە.

 

ترسی ئاو، خەوی لە هاووڵاتیانی توركیا زڕاندووە
پێت ترسی ئاو، خەوی لە هاووڵاتیانی توركیا زڕاندووە
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە هۆشداری دەداتە ڕەوەندی عێراقی
دوات باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە هۆشداری دەداتە ڕەوەندی عێراقی
پەیوەنیدر