وەزارەتی بازرگانی عێراق چەند ڕێنماییەکی نوێی دەربارەی تۆمارکردنی منداڵان لە پسووڵەی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراکی مانگانە دەردەكات و ڕایدەگەیەنێت، بۆ تۆماركردنی منداڵان پشت بە وێنەی تۆماری ئەلیكترۆنی دەبەسترێت.
ئیبتیهال هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی پلاندانان و بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، عەسیر داود، وەزیری بازرگانی ڕێنمایی داوەتە سەرجەم لقەکانی تۆمارکردنی بەشی پلاندانان و بەدواداچوون بۆ پەسەندکردنی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی منداڵان لە پسووڵەی بەشەخۆراکدا.
ڕاشیگگەیاندووە، هەموو ئەو زانیاریانەی، کە لە وێنەی تۆماری ئەلیكترۆنیدا هەن بە شێوەیەکی یاسایی پەسەندکراون بەو پێیەی بە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی سیستەمی کارتی نیشتمانی دادەنرێت، کە لە یاسای عێراقدا دیاری کراوە.
دووپاتیشی کردەوە، کە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کارتی نیشتمانی لە وەزارەتی ناوخۆ لە فەرمانێکی پێشوودا ڕێگەی دابوو، کە سەرجەم مامەڵە ئەلیکترۆنیەکان و زانیاری تۆمارکراو لە سیستەمی زانیاری مەدەنی و کۆپی و بڕوانامە دەرهێنراوەکان لە سیستمەکە بە شێوەی بەڵگەنامەی ئەلیکترۆنی، یاسایی بن مەگەر بە بڕیاری دادوەری بە پێچەوانەوە بسەلمێنرێت.