لقی هەولێری سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان دەڵێت، بەداخەوە هەردوو كرێكارەكەی ئەمڕۆ، كە لە باڵەخانەیەكی هەولێر كەوتنەخوارەوە، گیانیان لەدەستدا.
حەسەن ڕەمەزان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە كاتژمێر ٣:٣٠ی خوولەكی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پڕۆژەی مینی سلاڤا، دوو كرێكار لەكاتی كاركردنیان لەپڕۆژەكە، كە شووقەی نیشتەجێبوونە لەبەرزاییەكی زۆرەوە دەكەونە خوارەوە و هەردووكیان گیانیان لەدەستدا.
دەشڵێت: “یەكێك لەكرێكارەكان خەڵكی هەولێرە و یەكێكیشیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتە، تەرمەكانیشیان ڕەوانەی پزیشكی داد لەهەولێر كران”.
ئەوەشی خستەڕوو، لەڕێگەی لیژنەیەكەوە لێكۆڵینەوە لەچۆنیەتی كاركردنی ئەو كرێكارانە دەكەن لەڕووی سەلامەتی پیشەیی و هەروەها بوونی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و چۆنیەتی ڕووداوەكە.