به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومرەی هەرێم، هاووڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه دەربارەی دەنگۆی دابین كردنیڤیزەی حەج و حەجی تایبەت و بازرگانی و ئاشكرای دەكات، ڕێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر به هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك ده‌گرینه به‌ر، كه به‌م جۆره ده‌یانه‌وێت زیان به هاووڵاتیان بگهیەنن.
كاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا، كە وێنەیەكی داوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، ماوه‌یه‌كه له هه‌ندێك په‌یج و له لایه‌ن چه‌ندین كه‌سه‌وه له سعوودیه‌وه و ته‌نانه‌ت له كوردستانه‌وه په‌یوه‌ندی به‌هاووڵاتیانه‌وه ده‌كرێت و بانگه‌شه‌ی دابینكردنی ڤیزەی ساڵانه بۆ حه‌ج و ڤیزەی حه‌جی به شێوه‌ی تایبه‌ت یاخود حه‌جی بازرگانی ده‌كرێت.
وتیشی، “ئێمه له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومرەی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ینه‌وه، كه ڕێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر به هه‌ر كه‌س و كۆمپانیایه‌ك ده‌گرینه به‌ر، كه به‌م جۆره ده‌یانه‌وێت زیان به هاووڵاتیان بگهیەنن”.
ڕاشیگەیاندووە، هه‌موو لایه‌ك ئاگادار دەكەینەوە، كه به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومرە به‌رپرسیار نییه له هه‌ر كێشه‌یه‌ك، كه بێته ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌م جۆره هه‌وڵ بۆ حه‌ج كردن بده‌ن.
جەختیشی كردەوە، ئێمه هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، كه پڕۆسه‌ی حه‌ج به‌ڕێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه، كه له ڕێگه‌ی تیروپشك و ناونووسینه‌وه هاووڵاتیان سه‌فه‌ر بكه‌ن، چونكه له ساڵانی ڕابردوویشدا ئه‌م هه‌وڵانه هه‌بووه، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان نه‌یانتوانیوه ئه‌و به‌ڵێنه به‌جێ بگهیەنن، كه بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد و پاره‌ی خه‌ڵك له‌م ڕێگه‌یه فه‌وتاوه.