داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت بەپەلە پشكنینی خوێن بۆ ناسینەوەی تەرمەكان بكەن
ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەكانی باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا بۆ 46 هەزار گیانلەدەستدان و دەیان هەزار بریندار بەرزبووەوە و قەیرانی تەرمەكانیش بەردەوامە، داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت بەپەلە پشكنینی خوێن بۆ ناسینەوەی تەرمەكان بكەن.
هێشتا ژمارەیەكی زۆر كەس لە بوومەلەرزەكاندا بێ سەروشوێنن، ژمارەیەكی زۆر تەرمیش نەنێژراون، كەسوكاریان دیارنییە، كەس كەسوكاری خۆی ناناسێتەوە.
لەبەشێك لە شارەكانی باكووری كوردستان گۆڕستانەكان پڕبوون، تەرمەكان بەبێ ناو دەنێژرێن، تەنها كودێك یان نیشانەیەكی دیكەیان لەسەر دادەنرێت.
سولیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا دەڵێت پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردن لە 20 هەزار باڵەخانەی ڕووخاودا بەڕێوەدەچێت.
وەزیری ناوخۆ داواشی لە هاووڵاتیان كرد ڕووبكەنە ناوەندە تەندروستییەكان تا نمونەی خوێنیان لێوەربگیرێت و ناسینەوەی تەرمە نەناسراوەكان ئاشكرا بكات.
دەزگەی ئافادی توركیا ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە باكووری كوردستان و توركیا بۆ 40.642 كەس بەرزبووەتەوە و پرۆسەی گەڕان و ڕزگاركردنیش بەردەوامە دوای تێپەڕینی 12 ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەكاندا.
سەرۆكی دەزگەی ئافاد یونس سیزەر ڕایگەیاند نزیكەی 10 هەزار گەڕەك لە 11 شاری باكووری كوردستان و باشووری توركیا بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە زیانباربوون.
ئاماژەی بەوەشكرد لە سێزدەهەمین ڕۆژی بوومەلەرزەكاندا تا ئێستا 5700 بوومەلەرزە و پاشلەرزە تۆماركراون.
ڕاشیگەیاند ئۆپەراسیۆنەكانی گەڕان و ڕزگاركردن زۆر بە هەستیارییەوە بەڕێوەدەچن، بەتایبەت لە شاری مەڕەش.
ئاشكراشیكرد لە شاری ئەنتاكیا ناوەندی پارێزگای هاتای توانراوە سێ كەس كە منداڵیان لەنێودان لەنێو باڵەخانەیەكی ڕووخاودا ڕزگاربكەن.
لە ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا ژمارەی قوربانیان بۆ شەش هەزار كەس بەرزبووەوە و 14749 كەسیش برینداربوون و 943181 كەسیش ئاوارە بوون.
لەلایەكی دیكەوە وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار سەبارەت بە دەنگۆی لێشاوی پەنابەرانی سووریایی بۆ پارێزگای هاتای رایگەیاند: ”هەندێك لانەی فیتنە و خراپەكاریی دەنگۆی لێشاوی پەنابەرانیان لە سنوورەكانەوە بڵاوكردەوە، دەركەوت تەواوی ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە”.
خولوسی ئاكار بە یاوەری سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا، یاشار گولەر هێڵی سنوور وڵاتەكەی لەگەڵ سووریا بەسەر كردەوە و سەردانی ئەو بنكە سەربازییانەی كرد كە لە خاڵی سفری سنوور دانراون.
خولوسی ئاكار لە میانی سەردان و بەسەركردنەوەكاندا، باسی لەوە كرد، هیچ هاتنەناوەوەیەك بۆ وڵات ڕووینەداوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە سووریاییەكان گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان.
ڕاشیگەیاند: ”لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەكان، 10 هەزار و 633 سووریایی بەخواستی خۆیان گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان”.