ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێكەوت، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبوونەوە.
بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پرسی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز تاوتوێكراون.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی شوباتی 2023، بڵاویكردەوە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كۆبوەوە بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژەی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی.
باس لە ئەوەش كراوە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە وەزیری دارایی و ئابووری وەك سەرۆكی شاندەكە و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حكومەتی هەرێم و نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، لایەنی بەغداش بریتیبوون لە، وەزیری نەوت و هەردوو بریكارەكەی و بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ.