سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میونشن لەگەڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا كۆبووەوە و باسیان لە دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی هەولێر بەغدا كرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 2023/2/18 لە میونشن، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ خاتوو ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا، باسیان لە دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا كرد.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیری و هاوكاریی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ئامادەیە هەموو كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق بە گفتوگۆ چارەسەر بكات.
هاوكات خاتوو ڤۆن دێر لاین دووپاتیكردەوە، كە یەكێتیی ئەورووپا بە بایەخەوە لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و بە گرنگ و پێویستی زانی كە كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، لە هەرێمی كوردستانیش كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكرێن. لەمبارەیەوە هەموو پشتگیرییەكی یەكێتیی ئەورووپای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قەیرانی وزە و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی یەكێتیی ئەورووپا لە ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەیان بووە.