حكومەتی هەرێم وەڵامێكی توندی ڕۆژنامەی سەباح دەداتەوە



حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی راپرسییەكەی رۆژنامەی سەباح كە باس لە خواستی خەڵكی هەرێم بۆ گەڕانەوە بۆسەر بەغدا دەكات رایدەگەیەنێت، هەرێم خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییەو بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانە .

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی ئەو راپرسییەی داوەتەوە، كە رۆژنامەی سەباح-ی میدیای فەرمی حكومەتی عیراق بڵاویكردووەتەوە، لەبارەی بێ هیوابوونی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم.

هاوكات لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەكی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە كە پارەیەكی زۆری لێ خەرج دەكرێ و كەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە!

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەمڕۆ ١٨ی شوباتی ٢٠٢٣، ڕۆژنامەی “الصباح”ی عێراقی ، نووسینكی بڵاوكردووەتەوە كە گوایا لە ڕاپرسییەكدا “خەڵك بێ هیوا بوون لە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێم و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا”.

ئەم سەنتەر و بەناو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەكە پشتی پێ بەستووە، هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە 25 ی سێپتەمبەری 2017 ، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێكی ئازاددا، قسەی خۆیان كرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام دەسەڵاتتدارانی ئەوكاتی بەغدا، بە هێرشی سەربازی و بەكارهێنانی سوپا لە دژی خەڵكی كوردستان و گەمارۆدان، وەڵامی ڕیفراندۆم و ڕای خەڵكیان دایەوە.

خەڵكی پارێزگاكانی عێراق، خۆیان شایەدی دەدەن ، كە هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێشكەوتن و ئاوەدانیی و خزمەتگوزارییەوە، بە چەندین ساڵ لە پێش ناوچەكانی دیكەی عێراقەوەیە ، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەكەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێك كە لە هەموو بوارەكاندا وێران و كاول بووە!

هەرێمی كوردستان، خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە و بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانە و هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نییە و بە نووسینی ڕۆژنامەیەكی مایەپووچ هەڵناوەشێتەوە كە پارەیەكی زۆری لێ خەرج دەكرێ و كەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە !

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٨ی شووباتی ٢٠٢٣

لەبارەی ڕاگرتنی بەنزینی690 دیناری نەوت وكانزاكانی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
پێت لەبارەی ڕاگرتنی بەنزینی690 دیناری نەوت وكانزاكانی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا نەما
دوات كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستاندا نەما
پەیوەنیدر