وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەوامی سبەینێی خوێندنگەكان بڕیاریدا لە وانەی یەكەم خوولەكێك بۆ ڕۆحی پاكی قوربانیانی كارەساتەكەی شەوی ڕابردووی شاری دهۆك بووەستن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە گشتاندنێكدا بۆ ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری داوە، “وێرای هاوخەمی قوڵمان بۆ شەهیدانی كارەساتەكەی شەوی ڕابردووی شاری دهۆك، هیوای شیفا بۆ برینداران دەخوازین و بۆ ڕێزنواندن لە ڕۆحی ئەو شەهیدانە، سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە كوردستان ئاگادار دەكەینەوە، كە سبەی چوار شەممە، رێكەوتی ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٢، پێش وانەی یەكەم خولەكێك وەستان بۆ ڕۆحی پاكیان بوەستن”.
ڕاشیگەیاندووە، پاش خودای گەورە، ڕائد (عەلی صدقی) و هاوپیشەكانی زۆر بوێرانە و خۆنەویستانە بونە هۆكار بۆ ڕزگاربوونی (٥٦) خوێندكاری ئەو بەشە ناوخۆییە و ڕۆڵی سەرەكیان گێڕا لە پاراستنیان و زوو بەدەمەوەچوونیان، فیداكاری و قوربانیدانی ڕائد عەلی و هاوپیشەكانی شاكارێكی فیداكاری بوو لە پێناو ڕزگاركردنی خوێندكاران، لەو ڕوانگەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆكم ڕاسپارد، كە لەكاتی دانانی بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی نوێ یان تەواوكردنی باڵەخانەی قوتابخانەیەك، بەناوی خوالێخۆشبوو بكرێت.