دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان لە دەرەوەی شارەكان بەردەوامە و ئەمڕۆ لە ناوچەكانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دابەش دەكرێت.
كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پەیوەندی بە حسێن مەحمود، قائیمقامی ڕانیەوە كردووە و پێی ڕاگەیاندووە، كە ئەمڕۆ شەممە وەجبەیەکی تری نەوت لەسنوورەکەیان دابەش دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ نەوتی سپی لە شارۆچكەی حاجیاوا و شارەدێی چوارقوڕنە دابەش دەكرێت و شێوازی دابەشکردنەکەش لێپرسراوی ناوچەکان سەرپەرشتی دەکەن.
لە پاییزی ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی نەوتی بە 103 هەزار و 500 دینار بۆ بەرمیلێك دەستپێكردووە و تا ئێستاش تەنها لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش كراوە و نەگەیشتۆتە ناو شارەكان و هاووڵاتیانیش چاوەڕێن و نرخی نەوتیش لە بازاڕدا گرانە و بەرمیلێك بە 220 تا 230 هەزار دینارە.
هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەیتی هەرێم ڕایگەیاند، كە “دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان كۆتایی هاتووە و لە ناوچەكانی دەرووبەری شارەكان دابەشكردن دەستی پێكردووە”، بەڵام تا ئێستا كاتی دابەشكردنی لەناو چارەكان دیاری نەكردووە.