وەزیری پەروەردە بۆ ئەو ماڵەی لە سلێمانی سووتا و دوو كچی 12ی ئامادەیی هەیە بڕیاریدا ماڵەكەیان بۆ نۆژەن بكاتەوە و پێداویستی خوێدكارەكانیشیان بۆ دابین بكات.
دوێنێ هەینی 17ی شوباتی 2023، ماڵێك لە گەڕەكی خەبات لە سلێمانی بەهۆی سۆپای نەوتەوە ئاگر دەگرێت و بەتەواوی دەسووتێت و ژنی ماڵەكەش دەڵێت: “خانووی خۆمان نییە و كرێچین”.
وەك ئەو ژنە وتویەتی، “كاتێك لەگەڵ دوو كچی، كە پۆلی 12ی ئامادەیین چووە بۆ خوێندنگە، كە وانەیان هەبووە و ڕۆژی شەممە تاقیكردنەوەیان هەبووە، بەڵام دوو كچی بچووكی لەماڵەوە بوون و كاتێك ویستویانە سۆپاكە ببەنە ژووورەكەیان بۆ سەعی كردن، سۆپاكە بەدەستیانەوە كەوتووە و ئاگری گرتووە”.
لای خۆشیەوە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، سبەینێ كەسێك دەنێرمە خزمەتیان و خانووەکەیان بۆ نۆژەن دەکەمەوە.
وتیشی، “بابەتی کتێبی منداڵەکانیشی، کە پۆلی 12ی ئامادەیین ئاسانە و جل و بەرگ و پێداویستیەکانیشیان بۆ دابین دەکەینەوە”.