بەرگریی شارستانی و فریاكەوتن لە پارێزگای قۆنیای توركیا ڕایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی ئاگر كەوتنەوە و داڕمانی خانوویەك لەپارێزگای قۆنیا حەوت هاووڵاتی بیانی، كە زانرا لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی رۆژی شەشی شوباتی سووریا بوون گیانیان لەدەستدا.
بەرگریی شارستانی و فریاكەوتن لە پارێزگای قۆنیای توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە ئاگادار كرانەوە لە بوونی ڕووداواێكی ئاگركەوتنەوە و داڕمانی باڵەخانەیەك لە شەقامی سریاغای گەرەكی یەدیلەر لە قەزای كاڕاتای سەربە پارێزگای قۆنیا، كە دوو خێزانی سووری تێدابووە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە ژمارەیەك لە تیمەكانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی و فریاكەوتن رەوانەی شوێنی رووداوەكە كران لەو كاتەی تیمەكانی بەرگریی شارستانی هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەیان دەدا، خانووەكە داڕما و دوای كارەكانی كوژاندنەوەی ئاگرەكە، بەو ئامێرانەی كە هێنرابوونە شوێنەكە دارووپەردووی خانووەنەكە لابران.
ئاشكراشیكردووە، كە تیمەكانیان تەرمی حەوت كەسیان لە هەمان خێزان دۆزیەوە، كە دواتر زانرا ئەو حەوت كەسە لێقەوماوی بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات بوون و لە قەزای نورداغ لەغازی عەنتابەوە هاتبوونە شارەكە.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە هەر لە رووداوەكەدا دوو ئەندامی دیكەی هەمان خێزان بریندار بوون و بە ئامبوڵانس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.