سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەین خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین و لە هەوڵەكانمان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بەردەوام دەبین.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی هەزاران مامۆستای وانەبێژ لە هەرێم کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای گوێگرتن لە گرفت و ناڕەزایەتییەكانیان، پاڵپشتی خۆی و یەکێتی بۆ داواکاری مامۆستایانی وانەبێژ دەربڕی و رایگەیاند، یەكێتی ئەم پرسە گرنگە بەهەندوەردەگرێت چونكە پەیوەستە بە زیاتر لە ٣٠ هەزار مامۆستاوە كە بەشێكی گرنگ و كاریگەرن لەپرۆسەی پەروەردە و فێركردندا.
وتیشی، نابێت چیتر خزمەت و هەوڵەكانتان نادیدە بگیرێت و كەمتەرخەمیتان دەرحەق ئەنجامبدرێت چونكە هیچ شانازییەك لە فەرامۆشكردن و نادیدەگرتنی چینێكی گرنگی كۆمەڵگەدا نییە كە پەروەردەی منداڵەكانمان دەکەن. خەرجكردنی شایستە داراییەكانیشتان هەرجارەو لەژێر ناونیشانێكدا نیشانەی سەرسوڕمانە و مافخواردنێكی ئاشكرایە.
راشیگەیاند، ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بونیادبنێین و نەوەیەکی سوودبەخش پێشكەشی كۆمەڵگە بكەین ئەوا پێویستە گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی پەروەردە بكەین و رۆڵی مامۆستایان رێزلێگیراوبێت. لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەین خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین و لە هەوڵەكانمان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بەردەوام دەبین.