وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ بەردەوامی گفتوگۆكانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی تر، بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو شاندی هەرێم جارێكی دیكە بچێتەوە بەغدا.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، یەكشەممەی داهاتوو جارێكی دیكە شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ سەردانی بەغدا دەكات، بۆ بەردەوامی گفتوگۆكانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە.
ڕاشیگەیاندووە، كە تا ئێستا بەشێك لە بڕگەكان لەناو یاسای بودجە یەكلایی كراوەتەوە و رێككەوتنی سەرەتایی لە بارەی یاسای بودجە 2023 كراوە و ئەركەكانی هەردوولا دیاری كراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە هەندێك وردەكاری لە بارەی یاسای بودجە 2023 ماون و پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بكرێت ، بۆ ئەوەی مافەكانی هەرێمی كوردستان پشتگوێ نەخرێن.