بانكی ناوەندی عیراق زیاتر لە 213 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی زیاتر بەراورد بە ڕۆژی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا، تائێستا بەشێوەی چاوەڕوانكراو دانەبەزیوە و لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 213 ملیۆن و 25 هەزار و 631 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زیاتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 114 ملیۆن و100 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 98 ملیۆن و 925 هەزار و 631 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 18 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 21 بانك بۆ داواكارییەكانی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوەی وڵات و 210 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1310 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی چوار سێ شەممە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە 156 دۆلار و 250 دینار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا حكومەت و بانكی ناوەندی جەخت لەسەر دابەزینی نرخی دراوە ئەمریكاییەكە دەكەنەوە لەبەرامبەر دیناری عیراقی بۆ 1310 دینار بۆ دۆلارێك.