ماوەی پێنج رۆژە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، هەڵمەتی كۆكردنەوە و هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی شەشی شوباتی ئەم مانگەی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و بڕێكی زۆری هاوكاریی كۆكراوەتەوە.
سەرپەرشتیارێكی هەڵمەتی كۆكردنەوە و هاوكاری بۆ زیان لێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی شەشی شوباتی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان توركیا و سووریا لە سەنتەری شاری دهۆك، بە ناوی دیمان جەرجیس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی چەندین دیمەنی كردووە كە لەم پێنج رۆژەی هەڵمەتەكە بینیویەتی كە هەندێكیان هەرگیز لە بیر ناكرێن و دەڵێت، “دەیان منداڵ لە سەنتەری شاری دهۆك هاتوون، دەخیلەكەیان پێبووە، لێرە شكاندوویانە، بینیومانە كە زیاتر پارەی ٢٥٠ دیناری تێدابووە، هەموو پارەی دەخیلەكەیان بەخشیووەتە كەمپین و گوتویانە، با ئەم پارەیە بۆ منداڵەكان بێت كە بەر بوومەلەزە كەوتوون، ئێمە هەست دەكەین ئەوان ماڵیان بەجێهێشتووە و بێ پارەن و زیاتر لە ئێمە پێویستییان بە پارەیە، منداڵ هەبووە خوشەویسترین یارییەكەی كە ورچ بووە هێناوە و وتویەتی، بینێرن بۆ ئەو منداڵانەی ماڵیان ڕووخاوە لەبەر بوومەلەرزەكە، چونكە یارییان نەماوە.
وتیشی، شۆفێری تاكسی هەبووە هاتووە گوتویەتی، هەموو داهاتی ئەمڕۆی ئیشكردنم تەرخانكردووە بۆ لێقەوماوان، با رۆژێك بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە بێت، بەشێوەیەكی گشتی زۆرێك لەو كەسانەی بەشداربوون لە كەمپینەكەدا كەسانی هەژار بوون و دەوڵەمەندی بەرچاومان نەبینووە، راستە هاتوون، بەڵام كەم بوون.
لە سنووری پارێزگاری دهۆك چەندین كاروانی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوو نێردراون، دواترینیان لە سنووری پارێزگای دهۆك رۆژی ١٢ی ئەم مانگه بوو كە ٢٣ بارهەڵگڕی گەورە ڕەوانە كران و ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگەش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ١٣ بارهەڵگڕ وەكو كاروانی سێیەم بوو بۆ باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان توركیا و سووریا بەڕێ كران كە پێكهاتبوو لە خۆراك و كەرەستەی خۆگەرمكردنەوە و چەندین پێداویستیی دیكە.
بەرەبەیانی دووشەممە شەشی شوباتی ٢٠٢٣، بوومەلەرزەیەك بەگوڕی ٧،٨ پلە باكووری كوردستانی ھەژاند و بوومەلەرزەكە ڕۆژئاوای كوردستانیشی گرتەوە و لە ھەرێمی كوردستانیش بەگوڕی ٤،٧ پلە ھەستی پێكرا.
بوومەلەرزەكە ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتووەتەوە و تا ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان بەھۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستداوە 40 ھەزار كەسی تێپەڕكردووە و گەڕان و پشكنینیش بەدوای قوربانییان بەردەوامە.
هەینی داهاتوو، كەمپەینی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە كۆتایی دێت كە زیاتر لە نۆ رۆژ دەخایەنێت.