دوای ئەوەی وادەی بڕیاری لێخۆشبوونی نەبەستنی پێوەری ئاو درێژكرایەوە، كرێكەشی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكرایەوە.
كرێی بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار و لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەمەودوا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو.
1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.
2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.
3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەند بن.
4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تاكوو 21/4/2023 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، ئەگینا دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكەی حكوومەت سوودمەند بن.
5- بڕیارەكە چەند جارێكی تر لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 21/4/2023 چیتر نوێ ناكرێتەوە.