دەزگای دژە تیرۆری عیراق، باس لە دروستبوونی شەڕ و پێكدادان دەكات لەگەڵ چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لە كەركوك.
بەپێی بەیاننامەیەكی كورت كە لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لە كەركوك شەڕو پێكدادان لەنێوان مەفرەزەكانی دەزگای دژە تیرۆر و ژمارەیەك لە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دروستبوو”.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، لە ئەنجامی پێكدادانی نێوان هێزەكانی دژە تیرۆری عیراقی و چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، چوار چەكداری ڕێكخراوە توندڕەوەكە كوژراون.
تائێستاش پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش لە ناوچەكانی باشووری كەركوك و دیالە و سەڵاحەدین جموجۆڵ و چالاكییان هەیە، ئەمەش وایكردووە هێزە ئەمنییەكان ناوبەناو ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشكنین ئەنجام بدەن لەپێناو بنبڕكردن و نەهێشتنی تەواوەتی هەڕەشە و مەترسی ڕێكخراوەكە لەو ناوچانە.