وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرای دەكات، لە ئەنجامی بوومەلەرزە وێرانكەرەكانی توركیا، 11 هاووڵاتیی عێراقی گیانیان لەدەستداوە.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانەی چەند ناوچەیەكی توركیای گرتەوە، 11 هاووڵاتیی عێراقی گیانیان لەدەستداوە.
ڕاشیگەیاندووە، “بە گرنگییەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تورکیا بەدواداچوون بۆ بارودۆخی عێراقییەکان لە ناوچە بوومەلەرزەییەکان و هەر زانیارییەکی نوێ دەکەین”.
وتوشیەتی، ” باڵیۆزخانەکەمان لە ئەنقەرە و کونسوڵخانەکەمان لە غازی عەنتاب ژمارەی فریاگوزارییان بۆ وەرگرتنی هەر ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بە قوربانییەکان و بێسەروشوێنەکان دیاری کردووە و ئێمە بەوپەڕی ئەولەویەتەوە کاردەکەین بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ خێزانەکانی کۆمەڵگاکەمان لە ناوچە بوومەلەرزەییەکان”.
جەختیشی كردۆتەوە، سەدان سەبەتەی خۆراک و دۆشەک بەسەر خێزانە عێراقییە زیانلێکەوتووەکاندا دابەشکراوە.