وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگەوە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردەوە، لە هەندێك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، پڕوپاگەندەی جیاواز لەسەر خشتەكانی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بڵاوكراونەتەوە، لەمبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت:
١. خشتەكانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ و نەورۆزی ٢٠٢٢، تەواو بووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و لەوێ كاری لەسەر دەكرێت.
٢. سەبارەت بە خشتەی ئەیلولی ٢٠٢٢ و نەورۆزی ٢٠٢٣، بە هەمان شێوە ئامادەكاری دەكرێت، بۆئەوەی بە خێرایی بەرز بكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
٣. لەم قۆناغە بەدواوە تەواوی خشتەكانی پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەچێتە سەر رێچكەی خۆیی و رێك دەخرێنەوە و بەپێی كات و شایستەیی ئەفسەران، خشتەی پلە بەرزكردنەوە كاری لەسەر دەكرێت.