تەنە نەناسراوەكان هەڕەشە لە ئەمریكا دەكەن



گومان دەكرێت تەنە ئاسمانییەكان لە دەرەوەی گۆی زەوییەوە ڕەوانەی ئاسمانی ئەمریكا بكرێن

دوای خستنەخوارەوەی باڵۆنێكی چینی لە ئاسمانی ئەمریكا، سێ تەنی دیكەی نەناسراو بە ئاسمانی ئەمریكاوە بەدیكران، ئەوانە گومان و ترسیان لای ئەمریكا دروستكردووە، بەجۆرێك پرسیار لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتەش هەیە.

ژەنەڕاڵێكی ئەمریكایی پێشبینیدەكات، ئەو شتانەی لە سێ ڕووداوی ڕابردوودا چوونە ئاسمانی وڵاتەكەی، لە دەرەوەی گۆی زەویەوە نێردرابن.

دواترینی ئەم ڕووداوانە، ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە بوو، كاتێك هێزی ئاسمانی ئەمریكا تەنێكی نەناسراوی بەسەر دەریاچەی هیورۆن لە سنووری ئەمریكا و كەنەدا خستەخوارەوە.

وەزارەتی بەرگريی ئەمریكا پێنتاگۆن دەڵێت، فڕۆكەیەكی جەنگی ئێف 16 تەنێكی نەناسراوی خستووەتەخوارەوە، كە بە وتەی خۆی پێدەچێت لە نزیك شوێنە هەستیارەسەربازییەكان فڕیبێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو تەنانە، نەك هەر مەترسییان لەسەر جووڵەی فڕۆكەوانی مەدەنی دروستكردووە، بەڵكو ئەگەری كاری سیخوڕیشیان لێ دەكرێـت.

دووپاتیشیكردەوە، فەرمانی خستنەخوارەوەی ئەو تەنە نەناسراوە لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بووە.

كەناڵی ABC News ڕایگەیاندووە، ئەو شتەی خراوەتە خوارەوە هەشتگۆشەیە.

فەرماندەی فەرماندەیی باكووری ئەمریكا و فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانيی ئەمریكای باكوور، ژەنەڕاڵ گلێندی ڤانهێرك، دوای زنجیرەیەك لە خستنە خوارەوەی تەنی فڕیوی نەناسراو ڕایگەیاند، ڕەنگە ئەو تەنانە لە دەرەوەی زەوییەوە هاتبن.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی بوونی پەیوەنديی ئەو تەنە فڕیوانە بە بوونەوەرە ئاسمانییەكانەوە، فەرماندە ئەمریكاییەكە دەڵێت “هیچ شتێك بەدوور نازانم، ئەوە بۆ بەشی هەواڵگری جێدەهێڵم، ڕاستییەكان لەوبارەیەوە ئاشكرابكەن”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “لەم كاتەدا بەردەوامین لە هەڵسەنگاندنی هەموو هەڕەشە‌و مەترسییەكی نەناسراو، كە ئەگەری نزیكبوونەوەیان لە ئەمریكای باكوور هەیە تا بە زوویی دەستنیشان بكرێن”.

بەرپرسێكی دیكەی بەرگریی ئەمریكا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ڕایگەیاند
“سووپای ئەمریكا هیچ بەڵگەیەكی نەبینیوە، ئاماژە بەوە بكات هیچ كام لە تەنە فڕیوەكان لەدەرەوەی زەوییەوە هاتوون”.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویكردەوە، دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوانە پرسیار لەبارەی ئاسایشی ئەمریكای باكوور دەوروژێنێت، هەروەها ئاستی گرژیی نێوان واشنتۆن و بەیجین بەرز دەكاتەوە.

بەدیكرانی باڵۆنێكی چینی لە ئاسمانی ئەمریكا هەرای نایەوە، دوای ئەوەی باڵۆنەكە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك لە ئاسمانی ئەمریكادا فڕی، جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ٤ی شوباتدا فەرمانیدا باڵۆنەكە بخرێتە خوارەوە لە ڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە لە كەناراوەكانی كارۆلینای باشوور كە بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوانێت.

بەرپرسێكی باڵای سەربازی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، باڵۆنە چینییەكە بە ڕوونی بۆ مەبەستی چاودێری و سیخوڕی دروستكراوە، و لەگەڵ ئامێرەكانی باڵۆنی كەشوهەوادا ناگونجێت.

ڕۆژی هەینی 10ی شوبات، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا تەنێكی دیكەیان لە باكووری ئەلاسكا خستبە خوارەوە.

پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە، خستنەخوارەوەكە لە ئاسمانی ئەمریكا ڕوویداوە، لە بەرزاییەكی زۆردا، پێش ئەوەی ئەو شتە نەناسراوە لە نزیك بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی ئەلاسكا لە نزیك كەنەدا بكەوێتە خوارەوە.

ڕۆژی شەممەش هەمان شت دووبارە بووەوە و فڕۆكەیەكی جەنگی ئێف ٢٢ تەنێكی خستە خوارەوە كە لە بەرزاییەكی زۆردا بەسەر ویلایەتی یوكۆنی كەنەدادا فڕیبوو.

 

والی داعش لە دیالە كوژرا
پێت والی داعش لە دیالە كوژرا
كۆنفڕانسی میونشن دەستپێدەكات
دوات كۆنفڕانسی میونشن دەستپێدەكات
پەیوەنیدر