وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەڕێگەی داتابەیسێكەوە لەهەوڵی پاككردنەوەی دامودەزگاكانی حكومەتدان لە فەرمانبەرانی بندیوار، كە ساڵانە بوونەتە بارگرانی بۆ سەر حكومەت، دەشڵێت: “عیراق خاوەنی نزیكەی ١٠ ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین و سوودمەندانی بیمەی كۆمەڵایەتییە”.
ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەزر) لە زاری عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویكردەوە، كە وەزارەتەكەی سەرقاڵی ئامادەكردنی داتابەیسێكە بۆ فەرمانبەران و لیژنەیەكی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە و لەساڵی ٢٠٢١ەوە لەسەر ئەو دۆسێیە كاردەكات و بۆ هەر فەرمانبەرێك كۆدێكی تایبەت دروست دەكات.
ڕاشیگەیاندووە، ئامانجیان لەو كارە زانینی ژمارەی ڕاستەقینە و وردی فەرمانبەرانە و تا ئێستا كۆدیان بۆ زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەرمانبەر دروستكردووە و بەتەواو بوونی پڕۆسەكە عیراق ڕزگاری دەبێت لەو ژمارە زۆرەی مووچەخۆری بندیوار( فەزایی).
ئەمە لەكاتێكدایە، لە عێراقدا مانگانە بودجەی مووچەی مووچەخۆران نزیكەی ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، كە بە نزیكەی بۆ ١٠ ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشین و سوودمەندانی بیمەی كۆمەڵایەتی خەرج دەكرێت.