سەرۆك كۆماری عێراق جەخت لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هەماهەنگی له نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هه ڕێمی کوردستان دەكاتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ڕاستەقینە، كە دەبێتە هۆی چارەسەری ڕیشەیی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆمار لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکان و مەلەفی ئاوارەکانی وڵات کرد، هەروەها پێویستی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هێزە عێراقییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی، کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە.
سەرۆك كۆمار جەختی لە گرنگی بەردەوامی ڕاوێژ و هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەقینە، کە دەبێتە هۆی چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و بەرژەوەندی نیشتمانی وڵات”،
وتیشی، “عێراقییەکان چاوەڕوانی دەستكەوتی گرنگ، لەوانە پەسەندکردنی بودجە و یاسای نەوت و گاز، چونکە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم ئیرادە و خواستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە لەڕێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی نێوان هەردوولا”.
لای خۆشیەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی شاندی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و وتیشی، “پەیوەندییەكانی نێوانیان باشە”.
سەرۆكی شاندی هەرێم هەڵوێست و هەوڵەکانی سەرۆکی کۆماری بەرزنرخاند لە ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتدا.