لەسەر دزی و تاڵانی چەندین كەس دەستگیركران



پرۆسەی گەڕان و رزگاركردن لەباكووری كوردستان بەردەوامە

وەزیری تەندروستیی توركیا، فەخرەددین كۆجا ڕایگەیاند لەو بوومەلەرزانەی روویاندا و چەقەكانیان پارێزگای مەڕەش بوو، ٢٢ هەزار و ٣٢٧ هاوولاتی گیانیان لەدەستداوە و ٨٠ هەزار و ٢٧٨ كەسیش بەبرینداری رزگاریان بووە.

لە ناوەندی هەماهەنگیی دۆخی لەناكاو لە پارێزگای هاتای، كۆجا لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا، خوڵوسی ئاكار كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ساز كرد و ئاماری قوربانیانی كارەساتەكەی راگەیاند.

فەخرەددین كۆجا باسی لەوە كرد، لە هەموو ناوچەكانی كارەساتبارەكاندا خزمەتگوزاری تەندروستیی پێشكەش دەكرێت و، رایگەیاند: ”بە تایبەتی تكا لە كارمەندانی تەندروستیمان دەكەم كە دەیانەوێت خۆبەخشانە بەشداری خزمەتگوزاری تەندروستی بكەن لە ناوچەی بوومەلەرزەكەدا، بە لەبەرچاوگرتنی كەمبوونەوەی ژمارەی نەخۆش لە شوێنی خۆیان بمێننەوە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی پارێزگاكانمان ئاگادار بكەنەوە كە خۆبەخشن”.

سەبارەت بەو رێكارییە تەندروستییانەی لەم بارودۆخانەدا گیراونەتەبەر، كۆجا رایگەیاند: ”ناوەندەكانی هەماهەنگیی تەندروستی گشتییمان دامەزراند. رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو هەوكردنانە دەگیرێتەبەر كە لەوانەیە دوای بوومەلەرزەكە سەرهەڵبدات. ڤاكسینی دژە هەوكردنی مێشك و ڤاكسینی تیتانۆس رەوانەی ناوچەكە كراون”.

لەلایەكی دیكەوە لەو لێكۆڵینەوانەی سەبارەت بە رووداوەكانی دزی و تاڵانی لە پاش ئەو بوومەلەرزانەی پارێزگای مەڕەشیان هەژاند و كاریگەرییان لەسەر ١٠ پارێزگای دیكە دروست كرد، لە هەشت پارێزگادا ٤٨ گومانلێكراو دەستبەسەركراون و حەوت گومانلێكراویش بە مەرج ئازاد كراون.

ئەو رێكارانەی لەلایەن سەرۆكایەتییەكانی داواكاری گشتیی كۆماری سەبارەت بە رووداوەكانی دزی و تاڵانی لە ناوچە كارەساتبارەكان بەڕێوەدەچێت، درێژەی هەیە.

لەو چوارچێوەیەشدا، لە سێ لێكۆڵینەوەدا كە لەلایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی ئەلبیستانەوە بەڕێوەدەچێت، لە كۆی پێنج گومانلێكراو سیانیان دەستبەسەر كران و هەڵمەتی دەستگیركردنی دووانەكەی دیكە درێژەی هەیە.

ئەو كەسەی كەرەستەی لە مۆبیلیاتێكی قەزاكەدا دزیوە دۆزراوەتەوە و هەڵمەت بۆ دەستگیركردنی دەستی پێ كردووە.

سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی پازارجیك، لێكۆڵینەوەی لەبارەی سێ گومانلێكراو بەتۆمەتی دزی دەست پێ كردووە و گومانلێكراوان ئیفادەیان لێوەردەگیرێت.

لە پارێزگای هاتای، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی ئاڵتنئۆزو بە تۆمەتی تاڵانی و دزی، لێكۆڵینەوەی لەبارەی هەشت كەس دەست پێ كردووە و رێكاری دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی دیكەی هەڵاتوو بەڕێوەدەبات.

سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماری سامانداغ، لێكۆڵینەوەی لەبارەی سێ گومانلێكراو دەست پێ كردووە، بەڵام دوای ئەوەی وتەیان لێوەرگیراو دەركەوت لە باڵەخانەی رووخاوی خۆیاندا كەلوپەلیان هێناوەتە دەر، بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەركرا.

لە دوو دۆسیەدا سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی هاسا فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ سێ گومانلێكراو دەركرد بەتۆمەتی دزی كردن، هەروەها سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی رەیحانڵیش لە سێ دۆسیەی لێكۆڵینەوەدا بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دوو گومانلێكراوی دۆسیەیەكیان دەركرد.

لای خۆشیەوە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی بەسین لە ئادیامان، بەتۆمەتی دزی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێنج گومانلێكراو دەست پێ كرد.

سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كاهتا، بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دوو گومانلێكراو دەركرد بەتۆمەتی دزی لە ناوچەیەكی نیشتەجێبووندا.

لە كۆی ١٥ رووداوی دزی و سێ رووداوی تاڵانی، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی ماڵاتیا، دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد و بكەری نۆ رووداوی دۆزییەوە و لە كۆی ١٢ گومانلێكراو یەكێكیان دەستگیركرا، دووانیان دەستبەسەركران و یەكێكیشیان كە كەسێكی بیانیی بوو سنوورداشكرایەوە.

لەسەر ١١ رووداوی دزیكردن، سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی عوسمانیە، لەكۆی ١٣ گومانلێكراو فەرمانی دەستبەسەركردنی بۆ ١١یان دەركرد و دووانیانی بە مەرج ئازاد كرد.

سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی ئادانا، لە لێكۆڵینەوەیەكیدا لەسەر حەوت رووداوی دزی لە ناوچە كارەساتبارەكان، لە كۆی ١١ گومانلێكراو بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ هەشتیان دەركرد و سیانیان كە هەڵاتوون هەڵمەتی دەستگیركردنیان درێژەی هەیە.

هاوكات سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی كۆماری غازی عەنتاب، دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد لەبارەی ١٧ گومانلێكراو، لەوانەیش هەشتیان فەرمانی دەستبەسەركردنیان بۆ دەركرا، سێ گومانلێكراویش لەلایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی نیزیپ-ەوە فەرمانی دەستبەسەركردنیان بۆ دەركرا بە تۆمەتی دزی و تالانی وسەرۆكایەتی داواكاری گشتیی ئارابان-یش لێكۆڵینەوەی لە رووداوێكی دزیكردن دەست پێ كردووە.

سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی شانڵی ئورفا، لە كۆی ١٣ دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەسەر تاوانی دزی و تاڵانی، شەش گومانلێكراوی دەستبەسەر كرد و پێنج گومانلێكراویشی بە مەرج ئازاد كرد.

هاوكات پرۆسەی گەڕان و رزگاركردن بەردەوامە، لە مەڕەش ژن و پیاوێك پاش ١٣٨ كاتژمێر لە ژێر باڵەخانەیەكی رووخاودا رزگاركران.

لەو بوومەلەرزە بەهێزانەی لە توركیا روویاندا و بە كارەساتی سەدە ناسێندران، لە پارێزگای مەڕەش، ژن و پیاوێك دوای مانەوەیان بۆ ماوەی ١٣٨ كاتژمێر لە ژێر داروپەردووی رووخاوی باڵەخانەیەكی چوار نهۆمی، بە سەلامەتی رزگاركران.

تیمەكانی گەڕان و رزگاركردن، كە بێ وچان سەرقاڵی كارەكانیانن، دوای بیستنی دەنگ لە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناكە، كارەكانیان چڕكردەوە.

تیمەكان دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر توانیان عەبدولكەریم ٦٧ ساڵ و هاوسەرەكەی سەنا نانو، رزگار بكەن كە ١٣٨ كاتژمێر بوو لە ژێر ئەو باڵەخانە رووخاوەدا بوون.

دوای رزگاركردنیان، ژن و پیاوەكە گواسترانەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن. لەو كاتەدا ئافرەتەكە بە ناوی سەنا نانو هاواری كرد و وتی: ” چۆن دەژیم بەبێ منداڵەكانم” و دەستی بە گریان كرد.

سێ كاسبكار لە كامیاران و سەردەشت كوژران
پێت سێ كاسبكار لە كامیاران و سەردەشت كوژران
ڕزگاركردنی هاووڵاتییەك پاش 133 كاتژمێر مانەوە لەژێر داروپەردووی ڕووخاودا
دوات ڕزگاركردنی هاووڵاتییەك پاش 133 كاتژمێر مانەوە لەژێر داروپەردووی ڕووخاودا
پەیوەنیدر