سەرۆك وەزیران عێراق رایدەگەیەنێت، حكومەتەكەی سوورە لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار و جێگیركردنی.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران عێراق بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ شەممە 11ی 2ی 2023 سەرپەرشتی سێیەمین كۆبوونەوەی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكان و دەستەی بانكەكانی عێراق و دامەزراوە داراییەكانی حكومەت و باج و رسومات و دەروازە سنوریەكان و بانكی ناوەندی و پێشانگا بازرگانیەكان بەڕێوەچووە.
لە كۆبوونەوەكەدا دواین پێشهاتەكانی دۆخی ئابووری لە سەرتاسەری عێراق و چاودێری نرخی دۆلار تاوتوێ كراوە، دوای ئەوەی كابینەی حكومەت بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی نرخی فەرمی دۆلار پەسەندكرد.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر ئەو میكانیزمانەی بەكارهێنراون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەنی داراییەوە، جگە لە تاوتوێی جێبەجێكردنی ئەو ڕێنمایانەی لە كۆبوونەوەی پێشوودا دەرچوون.
هاوكات ، محەمەد شیاع سودانی سووربوونی حكومەتەكەی بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و جێگیركردنی دووپاتكردۆتەوە.