بانكی ناوەندی لە هەفتەی ڕابردوودا نزیكەی 422 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زۆر كەمی فرۆشتنی دراوەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دادەنرێت بەراورد بە چەند مانگێك لەمەوبەر كە فرۆشتنی هەفتانە زیاتر لە ملیارێك دۆلاری تێدەپەڕاند.
بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 421 ملیۆن و 971 هەزار و 681 دۆلار لەلایەن بانكەكەوە فرۆشراوە، تێكڕای فرۆشتنی ڕۆژانەش 84 ملیۆن و 394 هەزار و 336 دۆلار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڕێژەی 6.33% بەرزبۆتەوە.
لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیدا دەردەكەوێت كە فرۆشتنی زۆرترین بڕە دۆلار لە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوودا بووە و 95 ملیۆن و 26 هەزار و 216 دۆلار بووە، كەمترین فرۆشتنیش لە یەك شەممەی ڕابردوودا بوو كە 76 ملیۆن و 217 هەزار و 760 دۆلار بووە.
زۆربەی فرۆشتنەكان وەك لە ئامارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە، لە شێوەی فرۆشتنی كاشدا بوون، هەر دۆلارێكیش لەلایەن بانكەكەوە بە 1310 دینار فرۆشراوە.
وێڕای ڕاگەیاندنی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لەلایەن حكومەت و بانكی وەندی عیراق لە 1450 بۆ 1300 دینار بۆ دۆلارێك، بەڵام تائێستا نرخی دراوە ئەمریكاییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین نەكردووە و تائێستاش نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی خۆی لە زیاتر لە 50 هەزاری عیراقیدا دەبینێتەوە.