دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی كە بە كارەساتی سەدە ناودەبرێت و بەگوڕی ٧،٧ و ٧،٦ پلە پارێزگای مەڕەشیان هەژاند لە باكووری كوردستان و ١٠ پارێزگای دیكەی گرتەوە، بانكی جیهانیی بڵاویكردەوە بەبڕی ١،٧٨ ملیار دۆلار سەرچاوەی دارایی بۆ توركیا دابین دەكات.
لە راگەیەندراوێكدا كە لەلایەن بانكەكەوە بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە كراوە، هەڵسەنگاندنی خێرای زیانەكان دەستیپێكردووە بۆ خەمڵاندنی قەبارەی كارەساتەكە، دەستنیشانكردنی ناوچە سەرەتاكان بۆ پشتیوانی كردن لە ئاوەدانكردنەوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا تیشكخراوەتە سەر ئەوەش كە دوای ئەو كارەساتەی زیانێكی زۆری گیانیی و ماددی لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا لێكەوتەوە، بەمەبەستی هاوكاربوون لە كارەكانی رزگاركردن و ئاساییكردنەوەدا، بڕی یەك ملیار و ٧٨٠ ملیۆن دۆلار سەرچاوە تەرخان دەكەن.
بانكەكە لە راگەیەندراوەكەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو كە بەمەبەستی پشتیوانی كردن لەو كەسانەی بوومەلەرزەكان زیانی پێگەیاندوون، بڕی یەك ملیار دۆلار سەرچاوەی داراییان دابین كردووە.
ئەوە لەكاتێكدایە لە سەرتاسەری جیهاندا چەندین وڵات كۆمەك و هاوكاری پێشكەشی زیانمەندانی بوومەلەرزەكان دەكەن لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، لە باشووری كوردستانیش لە چەندین شار و شارۆچكە كۆمەك و هاوكاری كۆدەكەنەوە و شەندین تیمی فریاگەزاری ڕەوانەی ئەو شوێنانە كران كە بوومەلەرزەكان تیایاندا ڕوویانداوە.