لە شارۆچكەی ئەلبستان گەنجێك دوای ١٠٢ كاتژمێر لە بوومەلەرزەكە لەژێر داروپەردوودا رزگار كرا.
دوای ١٠٢ كاتژمێر لە بوومەلەرزە، لە شارۆچكەی ئەلبستان سەربە پارێزگای مەڕەشی باكووری كوردستان گەنجێك لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەكی داڕووخاودا بەزیندوویی رزگاركرا.
هەوڵی تیمەكان بۆ رزگاركردنی ئەو كەسانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕوخاوەكاندا ماون، لە پارێزگای مەڕەش بەردەوامە.
تیمەكانی گەڕان و رزگاركردن، بەهاناوەچوونی پزیشكیی نیشتمانی (UMKE) و پۆلیس بەردەوام بوون لە كارەكانیان لە باڵەخانەیەكی داڕووخاوی حەوت نهۆمیی بە ناوی كوبرا لە گەڕەكی یەشیلیورت.
لەگەڵ بیستنی دەنگ، تیمەكان هەوڵەكانیان چرتر كردەوە تا ئەوكاتەی توانییان قسە لەگەڵ موستەفا سامی شاهین (تەمەن ٣٣ ساڵ) بكەن كە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاوەكەدا گیریخواردبوو. دوای ١٢ كاتژمێر لە هەوڵ و كاركردن، شاهین لە ژێر داروپەردووەكەدا رزگاركرا.
شاهین كە دوای ١٠٢ كاتژمێر لە بوومەلەرزەكە لە ژێر داروپەردووەكە دەرهێنرا، بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.