دوو خوشك كە لەكاتی بوومەلەرزەكانی پارێزگای مەڕەشدا كەوتبوونە ژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاوەكاندا، دوای ٩٩ و ١٠١ كاتژمێر رزگار كران.
شارەوانیی گەورەی ئانتاڵیا رایگەیاند، دوای ئەو دوو بوومەلەرزانەی لە پارێزگای مەڕەش روویاندا، تیمەكانی بەشی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە كارەكانی گەڕان و رزگاركردن.
تیمەكان لە مەڕەش بە چڕكردنەوەی كارەكانیان لەژێر دارووپەردووی باڵەخانەیەك لە گەڕەكی باهچەلیئەڤلەر، پێشبڕكێیان لەگەڵ كاتدا كرد.
تیمەكان لە ناو داروپەردووەكاندا رێڕەوێكی درێژیان كردەوە و گەیشتنە ئەو خاڵەی كە ئایفەر-ی تەمەن ١٥ ساڵانی لێ بوو. لە كاتی رزگاركردنیدا، ئایفەر گوتوویەتی كە بیری دۆندرمەی كردووە و دەیەوێت گوێ لە گۆرانیەكی گۆرانیبێژ زەینەب باستك بگرێت.
تیمەكان بۆ ئەوەی لە هۆش خۆیدا بمێنێتەوە، بەردەوام قسەیان لەگەڵ منداڵەكەدا كرد و پرسیاریان لێ كرد، دواتر لە رێگەی مۆبایلەوە ئەو گۆرانییەیان بۆ لێدا كە داوای كردبوو. تیمەكان دوای ١٠ كاتژمێر لە هەوڵدان توانییان لە ٩٩هەمین كاتژمێر دوای بوومەلەرزەكە ئایفەر رزگاری بكەن.
دواتر تیمەكان لە ١٠١ەمین كاتژمیردا توانییان خوشكی ئایفەر كە ناوی فاتمە بوو (تەمەن ١٣ ساڵ) لەژێر هەمان داروپەردوودا رزگار بكەن.