سەرلەبەیانی 6ی شوبات، جیهان بەڕووی بومەلەرزەیەكی سامناكدا بەئاگاهات كە توركیا و سوریای گرتەوە و گوڕەكەی گەیشتە 7.7 پلە بەپێی پێوەری ڕێختەر، و لە دوای خۆیەوە هەزاران كەس لە هەردوو وڵات بوونە قوربانی، وێڕای وێرانكاریی و زیانە مادییەكان.
بەپێی هەندێك لە میدیاكان، وڵاتان هاوسۆزی خۆیان لەڕێی نامە و یارمەتی مرۆیی بۆ هەردوو وڵات دەربڕی، بەڵام پشكی لایەنی سوریا لە یارمەتی و هاوكارییەكان بە “قسەی زۆر” و كەمی یارمەتییەكان بوو، بەراورد بە توركیا.
زۆرێك لە وڵاتان دوو دڵن لە ڕەوانەكردنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ سوریا، و ترسییان لە “یاسای قەیسەر”ی ئەمریكایی هەیە كە بەسەر سوریادا سەپێنراوە و ڕێگە لە وڵاتان دەگرێت مامەڵە لەگەڵ حكومەتی سوریادا بكەن، ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران، سوكایەتییە بە چەمكی مرۆڤایەتی لەم جۆرە ڕەوش و كارەساتانەدا و هیچ مانایەكیش بۆ مرۆڤایەتی ناهێڵێتەوە.
هەرچەندە سوریا بانگەوازی بۆ وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمیندارێتی گشتی ڕێكخراوەكە و ئاژانس و سندوق و لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە، تا دەستی یارمەتی و كۆمەك درێژبكەن و پشتیوانی لەو هەوڵانە بكەن كە لەلایەن حكومەتی سوریاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەكانی بومەلەرزە وێرانكەرەكە خراونەتەگەڕ، بەڵام ئەو هاوكاریی و كۆمەكانەی دەگەنە سوریا بەراورد بە توركیا، سنوردارن !.
سەرچاوە: ئاژانسی سپوتینك