سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، گیان لەدەستدانی “یەعقوب تاش” پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان لە پارێزگای ئەدیامان، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە ڕادەگەیەنێت.
مستەفا شنتۆب، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەڕێی تویتەرەوە بڵاویكردەوە، “بەخەمبارییەكی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی یەعقوب تاش، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدانمان پێگەيشت، كە كەوتووبووە ژێر داروپەردووەوە، داوا لە خودا دەكەین پەرلەمانتارەكەمان و هەموو ئەو هاووڵاتیانە بە بەهەشتی بەرین شاد بكات، كە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە گیانیان لەدەستدا”.
هەر لەوو چوارچێوەیەدا، كەناڵی “سی ئێن ئێن”ی توركی، گیان لەدەستدانی یەعقوب تاش، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدانی بەهۆی بوومەلەرزەكەوە ڕاگەیاند، كە هەزاران هاووڵاتی تێیدا بوونە قوربانی.
بە گوێرەی هەواڵ، تیمەكانی فریاگوزاریی، تەرمی پەرلەمانتارە توركەكەیان لەژێر داروپەردووی ماڵە ڕووخاوەكەیدا دەرهێناوەتەوە.