ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی ڕووبەڕووی یەكێك لە خراپترین و گەورەترین كارەساتی مرۆیی هاتووە و باری نائاسایی لە ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش بۆ ماوەی 3 مانگ ڕادەگەیەنێت بەهۆی ئەو بومەلەرزە وێرانكەرەی چەند ناوچەیەكی گرتەوە و بووە مایەی گیان لەدەستدان هەزاران كەس.
ئەمڕۆ سێ شەممە، ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە سەنتەرەی ئیدارەی ئۆپەراسیۆنەكانی فریاكەوتن ڕایگەیاند:”تیكەكانمان بەدرێژایی 24 كاتژمێر كاردەكەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەوشەكە و چەندان تیمی فریاگوزاریش لە وڵاتانەوە هاتوون بۆ بەشداریی و هاوكاریكردن بۆ ڕزگاركردنی لێقەوماوان”.
بە وتەی ئەردۆغان:”شارەزایانی بواری بومەلەرزە دەڵێن، ئەو بومەلەرزە گەورەیەی لە توركیا ڕوویدا هاوشێوەی نەبووە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ئەو ڕێڕەوانە بەكارنەهێنن كە دەكەونە ناوچەی بومەلەرزەكان، جگە لە حاڵەتی پێویست و بەپەلەدا نەبێت و تۆڕەكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت مەشغول نەكەن”.
سەرۆكی توركیا دەڵێت:”ژمارەی گیان لەدەستدان تائێستا گەیشتۆتە 3549 كەس، ئەم ژمارەیەش ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، ژمارەی بریندارەكانیش 22 هەزار و 168 كەسن كە بە دەرەنجامی كۆتایی دانانرێت”.
ئەردۆغان ئاماژەی بە دەستپێشخەریی هاوكاریی 76 وڵات كرد بۆ یارمەتیدانی ئەنقەرە لەپێناو بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزەكە.