لەبەیانی ئەمڕۆوە 27 بوومەلەرزەی نوێ لە باكووری كوردستان تۆماركراون، بەهێزترینیان
بوومەلەرزەیەك بوو بە گوڕی 5.6 پلە بە پێوەری رێختەر.
ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەوروپا لەبارەی بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆوە، وتى، بوومەلەرزەكە لە قوڵایی 2 كیلۆمەتر، لە مەڕەش، غازی عەنتاب، ئامەد، ئەدەنە و ئورفا، روویداوە.
فوئاد ئۆكتای، جێگری سەرۆككۆماری توركیا لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لەئەنجامی بوومەلەرزەكاندا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 3419 كەسو هەشت هەزار كەسیش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندا رزگاركراون.
ئۆكتای ئاشكرایكرد “20 هەزار و 534 كەسیش برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەشكرد، 3294 كارمەندی فریاگوزاری گەیشتوونەتە توركیا بۆ رزگاركردنی لێقەوماوان و، 70 وڵاتیش كارمەندی فریاگوزاری رەوانەی توركیا دەكەن.
فوئاد ئۆكتای ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیان بەمجۆرەیە:
هاتای؛ 872 كەس گیانیان لەدەستداوە و 2766 كەس بریندارن
سەمسوور؛ 720 كەس گیانیان لەدەستداوە و 400 كەس بریندارن
مەڕەش؛ 530 كەس گیانیان لەدەستداوە و 2900 كەس بریندارن
دیلۆك؛ 481 كەس گیانیان لەدەستداوە و 3890 كەس بریندارن
ئوسمانییە؛ 293 كەس گیانیان لەدەستداوە و 1315 كەس بریندارن
مەلەتێ؛ 166 كەس گیانیان لەدەستداوە و 3298 كەس بریندارن
رها؛ 95 كەس گیانیان لەدەستداوە و 1791 كەس بریندارن
ئامەد؛ 92 كەس گیانیان لەدەستداوە و 770 كەس بریندارن