عامر جابری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەی كەشناسی و بومەلەورزەزانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە 20 پاش لەرزە لە دوای بومەلەرزە گەورەكەی توركیاوە عیراقیان گرتۆتەوە، ئەو ناوچانەش لە عیراق دیاریی دەكات كە زیاتر مەترسی ڕوودانی بومەلەرزەیان لێدەكرێت.
جابری لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بومەلەرزەكەى توركيا 460 كم لە سنوورەكانی عیراقەوە دوورە، وێڕای ئەمەش زۆرێك لە شارەكانی عیراق هەستییان پێكرد، چونكە هێزی بومەلەرزەكە بۆ نزیكەی دوو هەزار كم چوارگۆشە درێژبۆوە، بەو واتایەی لە لیبیاش هەستی پێكراوە”.
بە وتەی جابری”عیراق ڕووبەڕووی زیاتر لە 20 پاش لەرزە بۆوە لە دوای بومەلەرزەكەی توركیا، هەموو پاش لەرزەكانیش بە گۆڕی 3 پلە بوون، بۆیە كەمتر خەڵك هەستی پێكردوون و زیانی ماددییان نەبووە و كەس نەبۆتە قوربانی”، ڕەتیشیكردەوە بومەلەرزە و پاش لەرزەكان بە پێچەوانەی كەشوهەواوە پێشبینی بكرێن.
جابری پێیوایە”عیراق دەكەوێتە سەر هێڵی ئێران و توركیا و كاریگەر دەبێت بەو بومەلەرزانەی لەو دوو وڵاتە ڕوودەدەن، شارەكانی سلێمانی و مەندەلی و خانەقینيش، زیاتر لە شارەكانی تر مەترسی ڕوودانی بومەلەرزەیان لێدەكرێت”.