دوابەدوای دوو بوومەلەرزە بەهێزەكە، كە سوریا و تركیای هەژاند، 25 بوومەلەرزەی دیكە ئەو ناوچەیەی هەژاندووە و دەوام لە زانكۆ و پەیمانگاكان و خوێندنگەكان ڕاگیرا و وەزارەتی تەندروستیش زیادبوونی ئامارەكانی گیانلەدەستدان و برینداربووان ئاشكرادەكات.
ڕائید ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بوومەلەرزەزانی سوریا ڕایگەیاند، تا ئێستا 25 بوومەلەرزەی دیكەی “پاش لەرزە” ڕوویانداوە و زیاتر لە 46 باڵەخانە لە شاری حەلەب ڕووخاون.
لای خۆشیەوە، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای سوریا بڕیاریاندا بە ڕاگرتنی دەوامی خوێندكاران بۆ پاراستتنی سەلامەتی گیانی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و دواخستنی تاقیكردنەوەكان.
هەریەكە لە زانكۆی فوڕات و بەعس و دیمەش بڕیاریاندا بە دواخستنی تاقیكردنەوەكانی سبەینێ بۆ كاتێكی نادیار.
هاوكات وەزارەتی تەندروستی سوریا ئاشكرای كردووە، كە بەهۆی بوومەلەرزەكانی ئەمڕۆوە تا ئێستتا 430 كەس گیانیان لەدەستداوە و 1284 كەس بریندار بوون و هەوڵی تیمەكان بەردەوامە بۆ ڕزگاركردنی گیانی هاووڵاتیانی ژێر داروپەردووە ڕووخاوەكان.