چوارچێوە هەماهەنگی، كە پێكهێنەری سەرەكی حکومەتی عێراقە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەک شەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و دوو دۆسیەی “گرنگ” تاوتوێ دەکات.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە میدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاندووە، “لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادە دەبێت، بۆ تاوتوێکردنی هەردوو فایلی گرنگی یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێییەكان”.
چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوام کۆبوونەوە بۆ سەرکردەکانی ئەنجام دەدات، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی وڵات لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی و ئابووری.
سێ شەممەی ڕابردووش، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند کە “خوازیاری بودجەیەکە، کە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتدا بگونجێت و وەک بودجەکانی پێشوو نەبێت کە پەسەندکرابوون، چونكە ناگونجێ حكومەت بەرنامەیەک بخاتەڕوو، بەلام ئەولەویەتەکان و بودجە لە دۆڵی دیکەدابن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو هەڵەکانی پێشوو، نەگونجانی بودجە بووە لەگەڵ بەرنامەکانی حکومەت”.