یاسین مەحمود رەشید سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – سلێمانی
پرسەنامەیەك بۆ ئەحمەد سەعدوڵڵا دەنێرێت بەهۆی گیانلەدەستدانی ئەیوبی كوڕیەوە.
ئەمڕۆ ئەحمەد سەعدوڵا، باوكی ئەیوبی تەمەن 13 ساڵان كە ماوەی نزیكەی 2 هەفەیە بێسەر و شوێن بوو، لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ كوڕەكەی بەمردوویی دۆزراوەتەوە.
سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان مەلا یاسین، بڕی 10 ملیۆن دیناری تەرخان كردبوو بۆ هەر كەسێك سۆراغی ئەو منداڵە بكات.
پێشتر یاسین مەحموود ڕەشید، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، “وەك هاوخەمییەك بۆ بنەماڵەی ئەو منداڵەی كە چەند رۆژێكە بێسەروشوێنە و لەماڵ چووەتە دەر و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە، لەبەر ڕەزامەندی خودا و بۆ زیاتر سۆراغكردنی و شاد بوونەوە بە بنەماڵەكەی بڕی (١٠) ملیۆن دینار دەكەمە خەڵاتی ئەو كەسەی كە (ئەیوب ئەحمەد سەعدوڵڵا) دەدۆزێتەوە”.
بەناوی خودا
بروسكەی ماتەمینی
بەڕێزان، ئەحمەد سەعدوڵڵا – كەسوكارو بنەماڵەی ئەیوبی جوانەمەرگ
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
لە كاتێكدا هەمووان چاومان لەسەر دەرەنجامی هەوڵەكانی بە سەلامەتی دۆزینەوەی ئەیوبی ١٣ ساڵان بوو، بەڵام یەزدانی مەزن رۆحی پەپولەئاسای گەڕاندەوە بۆ بارەگای خۆی، هاوخەمم و سەرەخۆشی لەبنەماڵەو كەسوكارە بەڕێزەكەی دەكەم، لەخوای گەورە داواكارم هەمووان پارێزراو بكات و كاكە ئەیوبیش بخاتە بەر میهرەبانی فراوانی خۆی و حەساوەی بەهەشت بێت.
لەسەر بەڵێنی خۆمان بۆ سۆراغی ئەیوبی جوانەمەرگ سوورین و بەشداری پرسەكەی دەبین و هەركارێكیش بە ئێمە بسپێردرێت، خزمەتكاری هەمووانین.
انا للە وانا الیە راجعون
یاسین مەحمود رەشید
سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان – سلێمانی