بانگەشەكانی بانكی ناوەندی بێ كردار مانەوە



 

ئەمڕۆ یەك شەممە بانكی ناوەندی عێراق تەنها 82.134.460 ملیۆن دۆلاری خستەبازاڕەوە، بەجۆرێك 56.400.000 ملیۆن دۆلاری نەختینەیە و بڕی 24.734.460 بۆ حەواڵەیە.

خستنەڕووی ئەم بڕە لەحاڵێكدایە هەمووان چاوەڕێبوون كە ئەمڕۆ بانكی ناوەندی بەلای كەمەوە سەرووی 100 ملیۆن دۆلار بخاتە بازاڕەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی لە ئێوارەی هەینییەوە بانگەشەی بۆ كرا لەلایەن كاربەدەستانی عێراقەوە بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دینار لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی ئەمریكاو عێراقدا، بەمهۆیەشەوە نرخی دۆلار ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، بەجۆرێك تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە نرخی 100 دۆلار بە 167 هەزار دینارە.

ڕۆژی پێنج شەممە شاندێكی بانكی ناوەندی عێراق و شاندێكی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ئیستەنبوڵ كۆبوونەوە لەسەر قەیرانی دۆلار لە عێراق.

ئێوارەی هەینی شاندەكەی بانكی ناوەندی عێراق بە ڕاگەیەندراوێك ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و ڕایگەیاند “پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق و برایان نیلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا كۆبوونەوە، هەردوولا ڕێككەوتوون لەسەر گرنگی سەقامگیری ئابووری عێراق و ئەمریكا نەرمی نواندووە لە هاریكاری كردنی عێراق لە جێگیركردنی نرخی دۆلاردا”.

بە دوای ئەو ڕاگەیەندراوەدا، فادی شەممەری ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ڕایگەیاند “لە ماوەی دوو هەفتەدا دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخی سروشتی خۆی”.

شەممەری لەڕێی تویتەرەوە ڕایگەیاند “كۆبوونەوەكەی ئیستەنبوڵ لە نێوان بانكی ناوەندی عیراق و خەزێنەی فیدراڵی ئەمریكایی سەركەوتوو بوو”.

دەشڵێت “بانكی ناوەندی عیراق، كۆمەڵێك ڕێكاری نوێی ڕاگەیاند و تا ئەندازەیەكی زۆر كاریگەرییان لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار دەبێت، پاش ئەمەش ڕێكاری ئەمنی توند دەگیرێتەبەر لە دژی ئەوانەی یاریی بە نرخی دراوەكەوە دەكەن و قاچاخچێتی پێوە دەكەن”.

شەممەری پێشبینی كرد “لەماوەی دوو هەفتەدا نرخی دۆلار جێگیرببێت و بگەڕێتەوە بۆ نرخی ئاسایی خۆی، بەمشێوەیە قاچاخچییەكان و گەندەڵكاران هیچ بوارێكیان بۆ نامێنێت”.

هاوكاتی ئەم لێدوانانە لەبازاڕەكانی دراوی عێراق و هەرێمی كوردستاندا جۆرێك پشێوی دروستبوو، بەجۆرێك لە بازاڕەكانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان 100 دۆلار بە 162 هەزار دینار دەكڕدراو بە 168 هەزار دینار دەفرۆشرا، هاووڵاتیان لە دەرەوەی نووسینگە و كۆمپانیاكانی دراو لەنیوەشەودا دۆلاریان دەفرۆشت، دەنگۆ هەبوو بەهای 100 دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ 146 هەزار دینار و بگرە كەمتریش.

لەگەڵ ئەو هەرایەی دروستبوو، ئابووریناسان سووربوون لەسەر ئەوەی دەبێت چاوەڕێی ئەمڕۆ یەك شەممە بكرێت، كە ئایا بانكی ناوەندی بەكردار دەتوانێت بڕێكی زۆر دۆلار بخاتەبازاڕەوە و بەهای دۆلار بشكێنێت، یان وەك ڕۆژەكانی دیكە بڕێكی كەم دەخاتەبازاڕەوە، دەرئەنجام بۆ یەكەم ڕۆژی هەفتە دەركەوت تا ئێستا هەوڵێكی جیدی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار نییە، جگە لە لێدوانەكان.

لە سەر ئاستی مێدیاییش زانیاری جۆراوجۆر بڵاوكراونەتەوە، گوایە بانكی ناوەندی لەلایەن ئەمریكاوە ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ دانراوە بۆ جێبەجێكردنی ڕێوشوێنەكان و تا ئەو كاتە كارئاسانی فرۆشتنی دۆلاری بۆ دەكات.

بەپێی سەرچاوە مێدیاییەكانی ڕۆژئاوا لە ئەمریكاوە، واشنتن سوورە لەسەر توندكردنی ڕێوشوێنەكان لەبەرامبەر عێراق و توركیا و عومان و ئیمارات كە سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران پێشێل دەكەن، سەردانی شاندەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاش بۆ توركیا لەو چوارچێوەیەدایە.

بەڕای ئابووریناسانان و شارەزایانی سیاسی، تاكە ڕێگا لە بەردەم عێراقدا ڕێگرییە لە بردنەدەرەوەی دۆلار و جێبەجێكردنی خواستەكانی ئەمریكا بۆ دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار، لێدوان و دروستكردنی هەڵای ڕاگەیاندن ڕەنگە بەهای دۆلار بۆ چەند كاتژمێرێك دابەزێنێت، بەڵام زۆر ناخایەنێت.

ئێستا چاوەكان لەسەر ڕۆژانی داهاتوون، ئایا بانكی ناوەندی بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ ئەمریكادا كردوویەتی، چی كردارێكی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار پێیە؟، یان تەنها لەلێدوانەكاندا دەمێنێتەوە.

لقی بانكی بازرگانی عێراق لە دھۆك كرایەوە
پێشت لقی بانكی بازرگانی عێراق لە دھۆك كرایەوە
ڕووداوی هاتووچۆكەی ئامەد هەشت قوربانی لێكەوتەوە
دواتر ڕووداوی هاتووچۆكەی ئامەد هەشت قوربانی لێكەوتەوە
ەیوەندیدار