كریمیا جەنگی ئەتۆمی هەڵدەگیرسێنێت؟



جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا: هێرشبكرێتەسەر كریمیا هەموو چەكێك بە چەكی ئەتۆمیشەوە بەكاردەهێنین

كریمیا نیمچەدوورگەیەك لە سەر دەریای ڕەش لە باشووری ئۆكراین هەڵكەوتووە، لە 2014وە لەلایەن ڕووسیاوە داگیركراوە، ناوچەیەك ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی، جەنگێك كیێڤ ئامادەكاری بۆ دەكات لە پێناو گرتنەوەی نیمچەدوورگەكە، بەڵام كرێملن بەهێڵی سووری دەزانێت، دەڵێت هێرشكردنەسەر كریمیا، هێرشە بۆ سەر ڕووسیا، ئۆكراین دەسووتێنین، تەنانەت چەكی ئەتۆمیش بەكاردەهێنین.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا ڕایگەیاند، هێرشكردنەسەر نیمچەدوورگەی كریمیا هێرشە بۆ سەر ڕووسیا.

دیمێتری مێدڤێدێڤ سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا لە تویتێكدا ڕایگەیاند، یاسای نێودەوڵەتی ڕێز لە خواستی گەلان دەگرێت، كریمیا هی ڕووسیایە، هێرشكردنەسەر نیمچەدوورگەی كریمیا هێرشە بۆ سەر ڕووسیا، بە واتای پەرەسەندنی نوێیە لە ململانێكەدا.

ئەو كاربەدەستە باڵایەی ڕووسیا هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی كرد، دەڵێت “هەر كاتێك هێرشبكرێتەسەر كریمیا، ئۆكراین دەسووتێنین، دەیكەینە خاك و خۆڵ، ئەوەی لە ژێردەستی كیێڤدایە، بۆ بەكارهێنانی هەموو جۆرە چەكێك ئامادەین، لەناویاندا چەكی ئەتۆمی”.

ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی هیچ سنوورێك نازانێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی كیێڤ بۆ سەر خاكەكەی، مۆسكۆ ئامادەی بەكارهێنانی چەندین جۆری چەكە.

مێدمێدێڤ لەبارەی پشتیوانییە سەربازییەكانی ناتۆ بۆ سووپای ئۆكراین ئاماژەی بەوەكرد، هێزی ئەتۆمی بە هیچ جۆرێك لە ململانێ گەورەكاندا جەنگ نادۆڕێنێت.

ڕوونیشیكردەوە، سەركردە گەورەكانی ناتۆ لە پێگەی رامشتاینی ناتۆ كۆبوونەوە لە ڕۆژی هەینیدا، لەوێ گفتووگۆیان لەسەر تاكتیك و ستراتیژی نوێ كردووە، بەتایبەت بۆ ناردنی چەكی قورس و سیستمی هێرشبەری نوێ بۆ ئۆكراین، ئەوە ڕاستەوخۆ دوای كۆڕبەندی داڤۆس دێت، ئەو گرووپە سیاسییە چەندجار درووشمەكانیان دووبارەكردووەتەوە، كە بەدەسهێنانی ئاشتی لە شكاندنی ڕووسیایە.

هۆشداریش دەدات، شكستی هەر دەوڵەتێكی ئەتۆمی لە شەڕی ئاساییدا جەنگی ئەتۆمی دروستدەكات، چونكە هەرگیز هێزی ئەتۆمی جەنگ نادۆڕێنێت.

لە لێدوانێكی دیكەدا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا دەڵێت “جیهان لە لێواری جەنگی سێهەمی جیهان و كارەساتێكی ئەتۆمییە، بەڵام مۆسكۆ هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ڕێگری لە ئەو جەنگە و كارەساتە”.

ئاشكراشیكردووە لە كۆبوونەوەی مۆسكۆ و ناتۆ لە شاری لشبۆنەی ئیسپانیا لە 2010 كە خۆی ئەوكات وەك سەرۆكی ڕووسیا بەشداربووە، لەوێ ڕایگەیاندووە مۆسكۆ مەترسی بۆ سەر هیچ لایەنێك دروستناكات، بۆ كاری پێكەوەیی لە پێناو ئاسایشی هاوبەشی ناوچەی ئۆروئەتڵەسی ئامادەیە.

میخائیل بودولاك ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی ئۆكراین دەڵێت كیێڤ نیمچەدوورگەی كریمیا دەگرێتەوە لە ڕێگای هێرشێكەوە لە كاتێكی زۆر كورتدا.

وەزیری ناوخۆی ئۆكراین ئیگۆر كلیمینكۆ ڕایگەیاند، كیێڤ دەستی بە پێكهێنانی هێزی هێرشبەری تایبەت لە پۆلیس و سووپا و پاسەوانی سنووری ئۆكراین كردووە بۆ گرتنەوەی هەرێمەكانی نیمچەدوورگەی كریمیا و دۆنباس.

كۆشكی كرێملنی ڕووسیا دەڵێت، هەر هێرشێك بۆ سەر كریمیا كاردانەوەی یەكلاكەرەوەی ڕووسیای بەدواوە دەبێت.

 

پەروێز موشەڕەف، کۆچی دوایی کرد
پێت پەروێز موشەڕەف، کۆچی دوایی کرد
هەنگوین بە تامی پەتاتە
دوات هەنگوین بە تامی پەتاتە
پەیوەنیدر