لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا لە هەولێر و بەغدا دەكات كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن نیگەرانە لە بەردەوامی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق.
مایکڵ مکۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەکردوە، پێویستە بەغدا و هەولێر پابەندبن بە پێکەوەکارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، کە ماوەیەکی دوور و درێژە بەردەوامی هەیە، بەتایبەتی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە سەرچاوە سروشتییەوەکانەوە، کە پێویست دەکات بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بەڕەزامەندی هەردوولا چارەسەر بکرێن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، نیگەرانە لە بڕیارەکەی ئەم دوایەی دادگای فیدڕاڵی عێراق، کە تازەبوونەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بەدواداهات.
ڕاشیگەیاندووە، ناکۆکییە دەستوورییە لەسەر بودجە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان چارەسەرنەکراوە و متمانەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لەژێر هەڕەشەدایە.
جەختیشی كردۆتەوە، لەبەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا و عێراق، زۆر گرنگە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ کیشەکان چارەسەر بکەن بەشێوەی لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت.