ماوەی دوو ڕۆژە هاووڵاتییانی شارۆچكەی دەربەندیخان خۆپیشاندانیان دەستپێكردووە و پێوەری ئاو و كارەبا ڕەتدەكەنەوە، ڕێگایەكی سەرەكییان داخستووە.
هاوڵاتیانی شارۆچكەی دەربەندیخان باس لەوە دەكەن كە ئەو ئاوی خواردنەوەیەی بۆیان دابیندەكرێت پاك نییە و یەكێكە لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەنێو شارۆچكەكەدا، بەڵام حكومەتی هەرێم پێوەری ئاویان بۆ دادەنێت و هاووڵاتییانیش ئەو پێوەرە ڕەتدەكەنەوە.
دۆخی كارەبای شارۆچكەكە باش نییە و ڕۆژانە كەمتر لە 8 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێم پێوەری زیرەكیان بۆ دادەنێت، هاووڵاتیانیش دانانی ئەو پێوەرە ڕەتدەكەنەوە.
ئەو هۆكارانە ماوەی دوو ڕۆژە هاووڵاتییانی شارۆچكەكەی بردووەتە سەر شەقام و دەڵێن، هەتا بەڵێنی باشكردنی خزمەتگوزارییەكان وەرنەگرینەوە شەقام چۆڵناكەین.
لەو بارەیەوە هاوكار قادر، چالاكوانی دەربەندیخان و یەكێك لە خۆپیشاندەران بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە دەربەندیخان بەدەست چەندین گرفتەوە دەناڵێنێت، بۆیە كۆمەڵێك چالاكوانی دەربەندیخان خۆپیشاندانمان ڕێكخستووە و لە شەقام دەمێنینەوە هەتا وەڵامی داواكارییەكانمان دەدرێتەوە.
ئەو چالاكوانەی دەربەندیخان دەڵێت، بەهەموو پێوەرەكان سەلمێنراوە كە ئاوی دەربەندیخان پاك نییە و یەكێكە لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، بەراورد بە شوێنەكانی دیكەی هەرێم، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەنێو شارۆچكەكەدا بەرزە، سەرەڕای ئەو ئاوە ناخاوێنە حكومەت پێوەری ئاو بۆ ماڵ و شوێنە گشتییەكان دادەنێت، هاووڵاتییانیش ڕەتیدەكەنەوە.
دەشڵێت، دۆخی كارەبا زۆر خراپە، ڕۆژانە كەمتر لە 8 كاتژمێر كارەبای نیشتیمان پێدەدرێت، بەڵام دیسان هاوشێوەی ئاوەكە حكومەت پێوەری زیرەك دادەنێت، ئێمەش ڕەتیدەكەینەوە.
وتیشی، سەرجەم چین و توێژەكان بەشداری خۆپیشاندانەكەیان كردووە و ڕێگای ناوبازاڕیان داخستووە كە كە كەلار و دەربەندیخان و كفری دەبەستێتەوە بە سلێمانییەوە، لایەنی پەیوەندیدار هیچ وەڵامێكیان نەداوینەتەوە.
خراپی و كەمی خزمەتگوزارییەكان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتییان دەهێنێتە سەر شەقام، ماوەی ڕابردوو دانیشتووانی شارۆچكەی پێنجوێن چوونە سەر شەقام و ماوەی پێنج ڕۆژ لە كەشێكی زۆر سارددا مانەوە لەسەر شەقام و دوای ئەو پێنج ڕۆژە كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ دابینكرا.