خەڵك-
ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان هۆشداریدا لە شەڕێكی درێژخایەن لە ناوچەكەدا، هەروەها وەڵامی هەر دەستدرێژییەك بداتەوە ئەگەر توركیا هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی نوێ لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێبكات.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی هەڕەشەكانی توركیای دایەوە بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ لە ڕۆژئاوای كوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سیاسەتی توركیای بە “دوژمنانە و سیستماتیك” لە بەرامبەر سوریا بە گشتی و ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بەتایبەتی ناوبرد، ناوچە داگیركراوەكانی عەفرین و سەرێكانی و گرێ سپی وەك نمونە هێناوە كه لەوێوە بەردەوام هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە شەڕی داعشیان كردووە دەكرێنە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشكرد، توركیا دوای تەقینەوەكەی هەفتەی ڕابردوو لە ئیستەنبوڵ، جارێكی دیكە بە بیانووی دوور لە واقیع، دەستیكردووە بە تۆمەتباركردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕاشیگەیاند، ئامانجی توركیا بەم تۆمەتانە، هەڕەشەكردنە لە ناوچەكانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری، و لێدانی دەستكەوتەكانیەتی، بۆ دروستكردنی جۆرێك لە گێژاو، تا سەقامگیری ناوچەكە تێكبدات هەروەها ڕێگری كردنە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەڕەشەكانی توركیا شەرمەزار دەكات و داوای لە هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكەی كرد “بە یەكگرتوویی لە بەرامبەر هەڕەشەكاندا بوەستن”.
ناوبراو داوای لە فیدراسیۆنی ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەڵوێستی ڕوونی خۆیان سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا ڕابگەیەنن.
جەختیشی كردەوە، لە چوارچێوەی مافی ڕەوای بەرگریدا، بەرەنگاری هەر دەستدرێژییەكی توركیا دەبێتەوە.
هۆشداریشیدا لەوەی هەر لەشكركێشییەكی نوێی توركیا، ناوچەكە دەخاتە ناو شەڕێكی درێژخایەن و دەرئەنجامە خراپی دەبێت.
سەرچاوە/نۆڕس پرێس