ڕۆژ لەدوای ڕۆژ مووچەی فەرمانبەران بەهاكەی لەدەست دەدات و گوزەرانی فەرمانبەران بەرەو خراپتر دەڕوات ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەڕێژەی 15% و حكومەتیش لە قازانجدایە و ئامادەش نییە نە مووچە زیاد بكات و نە مووچە بە دۆلار بدات، شارەزایانی ئابووریش دەڵێن: “مووچەخۆران توانای كڕینیان بەڕێژەی 50% دابەزیوە”.
بەپێی سیستمی ئابووری جیهانی، لەكاتی هەڵئاوسانی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی هەر وڵاتێك، حكومەتی ئەو وڵاتە دەست بۆ كۆمەڵێك ڕێكاری ئابووری دەبات بە ئاڕاستەی كەمكردنەوە كاریگەری هەڵئاوسان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و باشكردنی گوزەرانیان و ڕێگری كردن لە پەككەوتنی جووڵەی بازاڕ.
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە و لە مانگی 12ی ساڵی 2020ەوە حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی بڕیاریاندا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە 1119 دینارەوە بۆ دۆلارێك بكەنە 1470 دینار و بەوەش كاریگەری لەسەر بازاڕ كرد و بەڕێژەی 25% هەموو شتتێك گران بوو بەهۆی ئەوەی دینار لە بازاڕدا بەڕێژەی 25% بەهاكەی لەدەستدا، لە ئێستاشدا، كە جارێكی دیكە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبۆتەوە بۆ نزیكەی 1700 دینار بۆ دۆلارێك، بەوەش جارێكی دیكە دینار بە نزیكەی 15% بۆ 20% بەهاكەی لەدەستداوە و بەوەش كۆی گشتی دینار 45%ی بەهاكەی لەدەستداوە، بەو پێیەش بەهای مووچە بە هەمان ڕێژە دابەزیوە و مووچەخۆران ئەو مووچەیەی وەری دەگرن بەڕێژەی 45% بە بەراورد بە ڕابردوو كەمتر شمەكی پێ دەكڕدرێت.
لەبەرامبەر ئەم لەدەستدانی بەهای دینارەدا، تا ئێستا نە حكومەتی عێراق و نە حكومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی دیكەیان زیاد نەكردووە لەكاتێكدا هەردوو حكومەتەكە داهاتیان بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە بەهۆی ئەوەی ئەو نەوتەی دەیفرۆشن بە دۆلارە و داهاتیان بە دۆلار دەستدەكەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بودجە بە دینارە و حكومەت دۆلارەكە دەگۆڕێتەوە بە دینار داهات زیاتر دەبێت ئەمە سەرەڕای زیادبوونی سەرجەم باج و ڕسوماتەكان، بەڵام تا ئێستا مووچە زیاد نەكراوە و مووچەخۆران بە گشتی لە دۆخێكی خراپدا دەژین.
عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، پسپۆڕ و مامۆستای ئابوری لە زانکۆ ڕاگەیاندووە، “دوای ئەو بەرزبوونەوەیەی لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا ڕوویدا، دۆلار بە ڕێژەی 15% بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبووەوە و بەم شێوەیەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بە ڕێژەی زیاتر لە 25%”.
ڕوونیشیکردەوە، “بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، کارمەندان و ئەوانەی داهاتی جێگیریان هەیە نیوەی توانای کڕینیان لەدەستداوە واتە توانای كڕینیان بەڕێژەی 50% دابەزیوە، هەروەها بەرزبوونەوەی کاڵاکان لەبازاڕەکان لەلایەکی دیکەوە كاریگەری خراپی بۆ سەر هاووڵاتیان هەیە”.
لای خۆشیەوە، باسم جەمیل، پسپۆڕی ئابووری وتی، “لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، فەرمانبەران 10 بۆ 15%ی مووچەکانیان لەدەستداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرزبوونەوەکە کاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕەکان و پڕۆسەی کڕین هەبووە، کە مووچەخۆران نیوەی توانای كڕینیان کەمیکردووە و وتیشی، “فاکتەرە سیاسی و ئابوورییەکە ڕۆڵی هەیە لەم بەرزبوونەوەیەدا”.
لەماوەی ئێستادا نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە و بۆ هەر 100 دۆلارێک گەیشتۆتە زیاتر لە 168 هەزار دینار، لە کاتێکدا حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە تێکچوونی نرخی دۆلار ڕابگرێت، کە بووە هۆی ئەوەی حکومەت پڕۆسەی داخستنی دوکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە بۆرسە بدات و چەند كەسێكیش دەستگیر بكات.
بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری، ئەگەر مووچەخۆران بەهای مووچەكانیان بەڕێژەی نزیكەی 45 بۆ 50% لەدەست دابێت بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار و گران بوونی نرخی شمەك لە بازاڕدا، بەو جۆرە ئەگەر فەرمانبەرێك یان خانەنشینێك مووچەی مانگانەكەی ملیۆنێك دینار بێت لە ئێستادا وەك ئەوە وایە 500 هەزار دینار وەربگرێت، چونكە ئەو مووچەیەی وەری دەگرێت نیوەی بەهاكەی لەدەستداوە و بەهای كڕینی بۆ نیوە دابەزیوە.
لەبەرامبەر ئەوەی مووچەخۆران نیوەی بەهای مووچەكەیان لەدەستداوە، حكومەتی عێراق و هەرێم بەهۆی گۆڕینەوەی دۆلاری داهاتی نەوت بۆ دینار و دابەشكردنی بەسەر مووچەخۆراندا داهاتیان بەڕێژەی 50% زیادی كردووە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێك نییە نە بۆ دابەشكردنی مووچە بە دۆلار و نە بۆ زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران.