چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ (خەڵك): نرخی دۆلار دادەبەزێت



پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە هۆكاریی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە پلەی یەكەم سیاسییە و پاشان هۆكارە ناوخۆییەكان فاكتەرێكی تری بەرزبوونەوەی دراوەكەن لەبەرامبەر دراوی نیشتمانی، ئاماژە بە دابەزینی بەهای دۆلاریش دەكات لەپاش گرتنەبەری ئەو ڕێكارانەی لەلایەن حكومەتەوە گیراونەتەبەر.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری “چوارچێوەی هەماهەنگی” كە لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەتی ئێستای عیراقە، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”هۆكاریی سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە پلەی یەكەم سیاسییە و دەستی ویلایەتە یەكگرتووەكانە كە عیراق بە ڕەوانەكردنی دراوەكە بۆ ئێران و سوریا و لوبنان تۆمەتبار دەكات”.

بە وتەی بەلداوی:”هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی دراوەكە، ئەو كەس و لایەنانەن كە دەستییان لە یاریكردن بە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی بەهای دۆلارەوە هەیە لەنێوخۆدا، حكومەت بۆ بەرگرتن لەوان، ژمارەیەكی دەستگیركردووە و بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێكاری توند دژ بەو كەس و لایەنانەی دەیانەوێت زیان بە ئابووری وڵات بگەیەنن و ژیان و گوزەرانی خەڵك بشێوێنن”.

ئەو پەرلەمانتارەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت:”ئاشكرایە پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلار یان لانی كەم 200 ملیۆن دۆلاری دەفرۆشت، بەڵام لەئێستادا بانكەكە ڕۆژانە 50 بۆ 80 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە”، ئەمەش بە بۆچوونی ئەو”هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی دراوە ئەمریكاییەكەیە لە بازاڕەكانی ناوخۆ.

بەلداوی لە درێژەی قسەكانیدا، باسی لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی محەمەد شیاع سودانى سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد بۆ واشنتن كە بە قسەی ئەو:”هەنكاوێك دەبێت بۆ كۆتایی هێنان بە تەنگژەی دۆلار كە لەئێستادا بارگرانییەكی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە”.

محەمەد بەلداوی دەڵێت:”حكومەت دارعەسای سیحری پێنییە، تا كێشە و تەنگژەكان لەماوەیەكی كەمدا چارەسەر بكات، دابەزاندنی نرخی دۆلاریش لەبەرامبەر دیناردا كاتی دەوێت و حكومەتیش لەو ڕووەوە كەمتەرخەم نییە و بەردەوامە لە كاركردن بۆ كۆتایی هێنان بەم ڕەوشەی كە بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە وڵاتدا دروستبووە”.

هەرچەندە حكومەت و بانكی ناوەندی گرتنەبەری زۆرێك لەو ڕێكارانەیان ڕاگەیاندووە كە دەبنە مایەی بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكایی لەبەرامبەر دیناری عیراقی، بەڵام نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات و ئەمڕۆش نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی 168 هەزار دیناری تێپەڕاند.

 

ڕووسیا هێرشی گشتی و هەمەلایەنە دەستپێدەكات
پێت ڕووسیا هێرشی گشتی و هەمەلایەنە دەستپێدەكات
بەتۆمەتی ڕێگریكردن لە هاووڵاتییەك سێ‌ تۆمەتبار دەستگیركران
دوات بەتۆمەتی ڕێگریكردن لە هاووڵاتییەك سێ‌ تۆمەتبار دەستگیركران
پەیوەنیدر