مەزهەر محەمەد ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی بانكی ناوەندی عیراق، بەرزبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانی عیراق بۆ 115 ملیار دۆلار ڕادەگەیەنێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”هەڵاوسان لەئێستادا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بۆیە پێویستە لایەنی ئابوری بەگەڕبخرێت لە ڕێكەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەگەڵ واشنتن و دانوستان لەگەڵ بانكی فیدراڵی بكرێت”.
بە وتەی ساڵح:”بانكی ناوەندی عیراق بازرگانی دەرەكی ڕێكدەخاتەوە”، داواشی لە بانكی فیدراڵی ئەمریكایی كرد، “مۆڵەتی 6 مانگ بداتە عیراق، چونكە گەر تەنگژەی دۆلار بۆ ماوەیەكی زۆر درێژە بكێشێت، مەترسی گەورەی بەدوادادێت”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی بانكی ناوەندی كە لە هەمان كاتدا ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانە دەڵێت:”حەواڵە دەرەكییەكان 90%ی داواكاریی لەسەر دۆلار پێكدەهێنێنن، 10% داواكاریی ناوخۆیە بۆ گەشتی دەرەوە و پاشەكەوتكردن، لەئێستاشدا بانكە عیراقییەكان خەریكن لەگەڵ ڕەوشی نوێی حەواڵەی دەرەكیدا خۆیان دەگونجێنن”.
ساڵح ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی دراوی بیانی عیراق كرد كە گەیشتۆتە 115 ملیار دۆلار و ئەو بڕەشی بە “گەورەترین لە مێژووی وڵاتدا” وەسفكرد.
تۆماركردنی گەورەترین یەدەگی فیدراڵی عیراق لەكاتێكدایە كە نرخی دۆلار لە بەرامبەر دراوی نیشتمانی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدا و ئەمڕۆش نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی 168 هەزار دیناری تێپەڕاند.