خەڵك- نزارمستەفا
لەگەڵ هاتنی شەپۆلی بەفروباراندا باڵندە و ئاژەڵەكێویەكان نزیك گوند و ئاواییەكان بوونەتەوە و رێكخراوێكی ژینگەپارێزیش داوادەكات، ژینگە و ئاژەڵەكێویەكانی ناوچەكە بپارێزن .
سیروان شێخ حاجی مزوری، بەرپرسی ڕێكخراوی وار بۆپاراستنی ژینگە بە(خەڵك) ی ڕاگەیاند، بۆ پاراستنی ژینگە هەرساڵ لەكاتی بارینی رێژەیەكی زۆر بەفروباران بانگەوازی خۆمان رادەگەینین، لە پێناو پاراستنی ئاژەلی كێوی و سروشتی جوانی كوردستان تایبەت ئێدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروبەری.
ووتیشی:” بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوسۆلە هەرێمی كوردستان كەوتۆتە ژێر كاریگەری شەپولێكی بەفر و باران بارین، وا چاوڕوان دەكرێت هاتنە خوارەوەی ئاژەڵ و پەلەوەرە كێوییەكان لە چیا سەختەكان دەست پێ بكات و بێنە نزیك ئاوەدانی و گوند و دێهاتەكان”.
ڕاشیگەیاند، هەڵكەوتەی جۆگرافیای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە قەزا و ناحیەكانەوە بە هەبوونی چیای سەخت و كوێستان و دارستان وای كردووە، كە بەرێژەیەكی زۆر باڵندە و ئاژەڵی كێوی لەم ناوچانەدا بژین، بەڵام بەداخەوە دوای كەمبوونەوەی چاودێری كەسانێكی بێ ئینتیمای دزە دەكەن و هەستاون بە ڕاوكردنی ئاژەڵی كێوی و هەروەها برینی دارودرەخت و تێكدانی ژینگە و سرووشتی جوانی كوردستان، دیاردەی راوكردنی ئاژەڵەكێوییەكان و برینی دارودرەخت لە ناوچە شاخاوییەكان زیادیكردووە.
داواشدەكات، هەر یەك لە (دەستەی ژینگەی هەرێم، فەرماندەی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم) ئیجرائاتەكان توندتر بكرێن بۆ ئەو كەسانەی هەوڵی راوكردن و برینی دارودرەخت دەدەن، لایەنە پەیوەندارەكانی تایبەت بە ژینگە و رێكخراوە ژینگەپارێزەكان هەوڵەكانیان چرتر بكەنەوە بۆ هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەراونەكردنی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان، بۆیە پاراستنی ژینگە و ڕاونەكردنی ئاژەڵ ئەركی سەرشانی هەموولایەكمانە.