بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار زۆر باشن و ڕێكاری زانستین، بەڵام تاڕێكارەكانی بانكی ناوەندی دەكەوێتە سەر ڕێگەی خۆی كاتی پێویستە، بۆیە دەبێت حكومەت و بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی خێرا بگرنەبەر تا بەهای دۆلار كەم بكەنەوە لەبەرامبەر دینار.
فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عیراق بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار زۆر باشن و ڕێكاری زانستین، بەڵام ئەو ڕێكاران زیاتر بۆ ڕێگریە لە بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ.
دەشڵێت، كێشەی ئێستای بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار لەبازاڕەكاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تاوەكو ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی دەكەونە سەر ڕێگای خۆیان كاتی زۆری پێویستە، كێشەكەش ئەوەیە هاوڵاتیانی عیراق فێری مامەڵەكردن بەدۆلار بوون، پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە نزیكەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری دەخستە بازاڕ، ئێستاش كەوەك پێشوو دۆلار ناخاتە بازاڕ، وادەكات بەهای دۆلار بەرزبێتەوە، چونكە خستنەڕوو كەمە و خواست زۆرە.
فازڵ نەبی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئێمە فێری جۆرێك لە مامەڵەی خراپی دارایی بووین بەناوی ئەوەی عیراق پەیڕەوی ئابووری سەربەخۆ دەكات، بەڵام ڕێكارەكانی ئابووری سەربەخۆ ئەوە نەبووە كە پێشتر كراوە، لەبەر ئەمە تاوەكو ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی دەكەوێتە سەر ڕێگەی خۆی كاتی پێویستە.
باس لەوەش دەكات، ئێستا ترسێكی زۆر هەیە، بەهای دۆلار یاتر بەرزبێتەوە، بۆیە دەبێت حكومەت و بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی خێرا بگرنەبەر تاوەكو بەهای دۆلار كەم بكەنەوە لەبەرامبەر دینار.