ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، تا ئێستا پەتای كۆڤید-١٩ ڕەوشی تەندروستی گشتی لەبارێكی نائاساییدا هێشتووەتەوە و پەتاكە جێگەی نیگەرانی جیهانییە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، كۆڤید-19 هێشتا مەترسی هەیە لەسەر ئاستی جیهان و ڕەوشی تەندروستی لەبارێكی نائاساییدا هێشتووەتەوە.
ڕێكخراوەكە، ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەی تایبەتمەندی فریاگوزاری ڕەوشی تەندروستی نێودەوڵەتی، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە بەردەوامی مەترسییەكانی كۆڤید-١٩.
ئەوە دوای ٣ ساڵ دێت لە ڕاگەیاندنی نەخۆشییەكە، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دروست بووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس ڕاسپاردەكانی لیژنەی فریاگوزاری كۆڤید-19ی ڕاگەیاند، كە لیژنەیەك لە پسپۆڕان لە ڕۆژی هەینی بۆ چواردەهەمین جار كۆبونەوەو ڕایانگەیاند، جارێ زووە بۆ دابەزاندنی ئاستی باری نائاسایی.