ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران ڕەخنەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران گرتووە كە وەك پێویست بەدەم لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی خۆیەوە نەچوون.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند “بەداخەوە لە یەك هەفتەی ڕابردوودا بوومەلەرزە چەند جارێك شاری خۆی و گوندەكانی دەوروبەری ئەو شارەی لە پارێزگای ورمێ هەژاندووە كە دواترینیان شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە، بووە و بەهۆی ئەم بوومەلەرزەیەوە تا ئێستا سێ كەس گیانیان لەدەست داوە، ٨١٦ كەس بریندار بوون، زۆر خانوو بەتایبەت لە گوندەكانی نزیك بە ناوەندی بوومەلەرزەكە ڕووخاون و ئاماری بەركەوتووان و بڕی زیانەكان هەتا دێ زیاتر دەبن”.
ڕاشیگەیاند “ڕوودانی ئەو بوومەلەرزە ئەویش لە وەرزی سەرماوسۆڵە و تەڕوتووشیی ئێستای ناوچەكەدا كێشەی زۆری بۆ خەڵكی شاری خۆی و ناوچەكانی دەوروبەری دروستكردووە، بەتایبەت كە شێوەی بەهاناوەچوونی خەڵك و جۆری بەدەنگەوەهاتنی ناوەندە حكوومەتییەكان ناڕەزایەتیی زۆری لەلای خەڵك لێ كەوتووەتەوە، بەڵام وەك هەمیشە خەڵكی كوردستان لە ناوچەكانی دیكەوە بەدەم داواكارییەكانی خەڵكی خۆی و ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەكانەوە چوون و بەپێی توانا خێوەت، خواردن و كەلوپەلی گەرمكەرەوەیان بۆ دابین كردوون”.
ناوەندی هاوكاری سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو چەند كەسە هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و كەسوكاریان لە شاری خۆی و دەوروبەر ڕادەگەیەنێت و داوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بەركەوتووانی ئەم ڕووداوە دەخوازێت.
هەروەها بە سەرنجدان بە كارنامەی پێشووی ناوەندە حكوومەتی و دەوڵەتییەكانی كۆماری ئیسلامی لەو جۆرە كاتانەدا كە بە خەمساردی و دەستەوەستانی و گەندەڵییەكانیان خوێیان بە برینی خەڵكدا كردووە، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات هەروەك جاران بە بەجێهێنانی ئەرك و بەرپرسایەتییە مرۆیی و نیشتمانییەكانیان باری قورسی ئەو ڕووداوە لە سەرشانی زیانمەندبووانی بوومەلەرزەكەی شاری خۆی كەم بكەنەوە.